وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار 220 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر خه‌رج ده‌كات

ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن

جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌ك.. ئه‌رشیڤ
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌ك.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و گوژمه‌ی 220 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخان كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی كۆنكرێتكردن و قیڕتاوكردنی شەقامەكان جێبەجێ دەكرێن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش رەزامەندی دا لەسەر خەركردنی گوژمەی نزیكەی 220 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەكان.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، گوژمەكە لەسەر داهاتی شارەوانی و لە چوارچێوەی پلانی ساڵی 2022، بە مەبەستی جێبەجێكردنی هەردوو پڕۆژەی كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێك لە گوندی سێبەردان و هەروەها جێبەجێكردنی پرۆژەی قیڕتاوكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكی هەولێری نوێ، كەرتی 250 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار روونیكرده‌وه‌، ئەم پرۆژانە كاریگەریی باشیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و شۆفێرانی ئەو سنوورانە دەبێت، وێڕای ئەمانە ئێستا لە شاری هەولێردا لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

 

Fly Erbil Advertisment