بە ڤیدیۆ.. سەرنشینێک فڕۆکەیەك لێدەخوڕێت
دوای تێكچوونی تەندروستی فڕۆکەوانەکە سەرنشینێک دەچێتە شوێنەکەی

K24 - هەولێر:
بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی فڕۆکەوانێك، سەرنشینێک لە ویلایەتی فلۆریدا بەبێ بوونی ئەزموونی پێشوەختە و شارەزایی لە فڕۆکەوانی، فڕۆکەکەی بە سەلامەتی دەنیشێنێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، رووداوەکە لە فڕۆکەخانەی پالم بیتچـی نێودەوڵەتی روویداوە و سەرنشینەکە بە یارمەتی چاودێری ترافیکی ئاسمانی فڕۆکەکەی بە سەلامەتی گەیاندووەتە فڕۆکەخانە.
وردەکاریەکان باس لەوە دەکەن، دوای تێکچوونی باری تەندروستی فڕۆکەوانەکە، سەرنشینێکی فڕۆکەی (سیسنا کاراڤان) سووکان دەگرێتە دەست و هەوڵ دەدات بەبێ گرفت بیگەیەنێتەوە سەر زەوی.
سەرنشینەکە لەبارەی ئەو دۆخەی روویدا گوتی: "فڕۆکەکە باڵانسی لەدەستدا، منیش هیچ بیرۆکەیەکم نەبوو لەسەر چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکە، بە هاوکاری چادێری ترافیکی ئاسمانی هەوڵمدا فڕۆکەکە نزیک بکەمەوە لە فڕۆکەخانەکە و دواتریش بە سەلامەتی گەیشتینەوە سەر زەوی."
جۆن نانس، پسپۆڕی فڕۆکەوانی گوتی: "ئەمە یەکەمجارە شتی وا دەبیستم، کە سەرنشینێک بەبێ ئەزموونی پێش وەختە لە فڕۆکەوانیدا، فڕۆکەیەکی سیسنا کاراڤان بنیشێنێتەوە."