لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێشنیازێک لەبارەی لێخۆشبوونی پارەی کارەبا دەخرێتەڕوو

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێشنیازێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەکات

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێشنیاز دەکات، بڕیاری لێخۆشبوونی پارەی کارەبا بۆ هاوبەشان درێژ بکرێتەوە و رێژەکەش بۆ هاووڵاتییان زیاد بکرێت.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگا لەبارەی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە، تەوەرەکان بریتن لە چەسپاندنی قایمقامی عەنکاوە کە پێشتر بە وەکالەت دەستبەکارببوو، چەسپاندنی پۆستەکەی دەستکراوەتر دەبێت بۆ کار و پڕۆژەکان، تەوەرێکی دیکە پڕکردنەوەی چەند پۆستێکە لە ئەنجومەنی شارەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر، کە ماوەیەکە ئەو پۆستانە بەتاڵن".

گوتیشی: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی پێشنیازێکە لەبارەی درێژکردنەوە و زیادکردنی رێژەی لێخۆشبوون لە پارەی کارەبا بۆ هاوبەشان، وەک فراکسیۆنی پارتی پێشنیاز دەکەین رێژەکە لە درێژ بکرێتەوە و بۆ هاووڵاتییان لە %15  بۆ %40 زیاد بکرێت، بۆ پڕۆژە تایبەتەکانیش بە رێژەی %15 دەکرێت بەردەوام بێت".

کەنعان خەیلانی، ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشنیازەکەمان وەک فراکسیۆنی پارتی لەسەر داوکاری و بەرژەوەندی خەڵکە، پێشتریش حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییان داوە".

لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی پارەی کارەبا بۆ هاوبەشان بە رێژەی %15 و چەند جارێک درێژ کرایەوە، ئێستا وادەیەک دانراوە تا کۆتایی ئەم مانگە 31/5/2022 لێخۆشبوون بەردەوام دەبێت، بەڵام فراکسۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر داوای درێژکردنەوەی وادەکە دەکات و داواش دەکات، لە رێژەکە جیاوازی هەبێت لەنێوان هاوبەشانی هاووڵاتی و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت.

Fly Erbil Advertisment