دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك نیازی پوتن بۆ داگیركردنی ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه
دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ترۆستیانتس له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیاوه به‌ڵگه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "بزنس ئینسایده‌ر" له راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ترۆستیانتسی ئۆكرانی له‌لایه‌ن سوپای ئه‌و وڵاته‌وه، سه‌ربازانی رووسیا ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌ربازییان له‌دوای خۆیان له‌و شارۆچكه‌یه جێهێشتووه، كه جه‌خت له‌سه‌ر نیازی پوتن بۆ داگیركردنی ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا ده‌كه‌نه‌وه.
راپۆرته‌كه له‌سه‌ر زاری ئۆلیكسی سۆخاچێڤ، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی حكومه‌تی ئۆكرانیا گواستییه‌وه، هێزه‌كانی ئۆكرانیا له‌كاتی گه‌ڕان و پشكنین دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی رووسیا له شارۆچكه‌ی ترۆستیانتس له باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته، ده‌ستیان به سه‌ر ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌دا گرتووه، كه سه‌ربازانی رووس له‌كاتی شكستیان له‌و شارۆچكه‌یه له‌دوای خۆیان جێهێشتووه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پێشتر له كۆتاییه‌كانی مانگی ئادار/ مارسی ئه‌مساڵ هێزه‌كانی ئۆكرانیا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌یان راگه‌یاند، كه ده‌كه‌وێته دووری 230 میل له كیێڤی پایته‌خت و ماوه‌ی مانگێك بوو به‌ده‌ست هێزه‌كانی رووسیاوهبوو.
سۆخاچێڤ گوتی: لێكۆڵه‌ره‌كان ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگی سه‌ربازانی رووسییان ده‌ستكه‌وتووه، كه ئاماژه‌یه‌كی روون بۆ نیازی مۆسكۆ ده‌خه‌نه ڕوو، كه ئاماده‌كاریی بۆ داگیركردنی ته‌واوی خاكی ئۆكرانیای كردبوو و راشیگه‌یاند، "دواتر دیراسه‌ی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه ده‌كرێت كه له‌ناو به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هه‌ن".
به‌گوته‌ی سۆخاچێڤ، "هاوكات له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه، سه‌ربازانی ئۆكرانی تێبینی ئه‌وه‌شیان كردووه، كه زیاتر له 300 باڵاخانه‌ی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ش له‌لایه‌ن سوپای رووسیا به‌ته‌واوه‌تی خاپوور كراون".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی بزنس ئینسایده‌ر، به‌ڵگه‌نامه سه‌ربازییه‌كانی رووسیا پێشبینییه‌كانی پێشووی به‌رپرسانی رۆژئاوا پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، كه هه‌میشه جه‌ختیان له‌وه ده‌كرده‌وه، كه پوتن پلانی بۆ داگیركردنی ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا داڕشتووه، به‌ڵام له‌و پلانه‌یدا شكستی هێنا.
له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا هێزه‌كانی سوپای رووسیا له ده‌وروبه‌ری كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا كشانه‌وه، دواتر هه‌موو توانا سه‌ربازییه‌كانی گواستییه‌وه بۆ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته و تا ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه و كاولكاری باڵی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك شاری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌دا كێشاوه، وێڕای كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی سڤیل له‌و شه‌ڕه‌دا، به ملیۆنان كه‌سیش ئاواره و كۆچبه‌ری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان بوونه.
H.B