مه‌سرور بارزانی: بە رێز و پێزانینەوە یادی خەبات و تێکۆشان و رۆڵی گشت مامۆستایانی کوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌

"مامۆستایانی كوردستان له‌ قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ رۆڵێکی دیار و پێشەنگیان هه‌بووه‌"

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پیرۆزبایی له‌ گشت مامۆستایان كرد و رایگه‌یاند، مامۆستایانی كوردستان لە سەردەم و قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، رۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و پێگەیاندنی نەوەی نوێ و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەبووە.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: مامۆستایان دەتوانن لە ڕێگەی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و‌ پێشكه‌وتووەوە، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست بنیات بنێن‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤی نیشتمانپه‌روه‌ر و داهێنەر دروست بكات و بەشێک بێت لە پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی کوردستان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان:

بەبۆنەی شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

مامۆستایانی كوردستان لە سەردەم و قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ ، ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پێگەیاندنی نەوەی نوێ  و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەبووە، بۆیە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی گشت مامۆستایانی کوردستان لە گەیاندنی پەیامی پیرۆزی پەروەردە و فێرکردن دەکەینەوە.

مامۆستایان دەتوانن لە ڕێگەی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و‌ پێشكه‌وتووەوە، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست بنیات بنێن‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤی نیشتمانپه‌روه‌ر و داهێنەر دروست بكات و بەشێک بێت لە پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی کوردستان.

سوپاسی مامۆستایانی کوردستان دەکەم كه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخه ناله‌بار و سەختەکاندا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت. هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانێت خزمەتێکی زیاتر و شایستەتری مامۆستایانی کوردستان بکات.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

Fly Erbil Advertisment