نێچیرڤان بارزانی: پشتگیری له‌ ماف و داواكاری مامۆستایان ده‌كه‌ین

به‌ بۆنه‌ی شه‌سته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستانه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی شه‌سته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پشتگیری له‌ داوا و مافی مامۆستایان ده‌كه‌ین.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "به‌وپه‌ڕى رێز و پێزانينه‌وه‌ رۆڵى گرنگ و پيرۆزى مامۆستايان و هه‌وڵ و كۆششيان بۆ فێركردن، په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌ياندنى نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووى كوردستان، به‌رز ده‌نرخێنين".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "له‌ رۆژگاره‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌كانيشدا، مامۆستايانى دڵسۆزى كوردستان به‌رگه‌ى هه‌موو ته‌حه‌دييه‌كانيان گرتووه‌ و له‌ ئه‌ركى پيرۆزى په‌روه‌رده‌كارى و فێركردن به‌رده‌وام بوون و كۆڵيان نه‌داوه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، "نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوو ئه‌مانه‌تى مامۆستايانن، بۆيه‌ مامۆستايان كليل و بناغه‌ى سه‌ركه‌وتنى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوون و رۆڵيان له‌ بره‌ودان به‌ كولتوورى يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى و پێكه‌وه‌ژيان هه‌يه"‌.

له‌ كۆتایشدا پشتیوانی خۆی بۆ مامۆستایان ده‌ربڕیوه‌ و له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "مامۆستايانى كوردستان شايسته‌ى گوزران و ژيانێكى باشترن، هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ ماف و داواكارى و شايسته‌كانيان دووپاتده‌كه‌ينه‌وه‌ و به‌ رێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ رۆڵ و خزمه‌تى يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستان ده‌ڕوانين".