گەنجێکی ئەمەریکی لە پەخشی راستەوخۆدا 10 کەسی کوشت
جۆو بایدن: ئەو کردەوە تیرۆریانە بە پشتیوانی ئایدۆلۆژیی سپی پێستی ئەنجام دەدرێن
K24 - هەولێر:
لە ناوچەی بافێلۆی سەر بە نیویۆرک گەنجێکی 18 ساڵان بە هەڕەمەکی 10 رەشپێستی کوشتن و 3ـی دیکەشی بریندار کردن و هێرشکردنەکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە راستەخۆ بڵاوکردەوە.
ئەنجامدەری تاوانەکە لەگەڵ هاتنە خوارەوە لە ئۆتۆمۆبێلەکەی لە یەکێک لە سەنتەرکانی بازاڕکردن تەقەی کرد و راستەوخۆ چەند کەسێکی کوشت، ئەو قەڵغانێکی گولەنەبڕی لەخۆی گرێدابوو و هەر زوو پاسەوانی بازاڕەکەی کوشت.
تەقەکەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و سەرۆکی ئەمەریکاش کردەوەکەی بە تیرۆری ناوخۆیی لە قەڵەم دا.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی ئەو کردەوە تیرۆریانە بە پشتیوانی ئایدیۆلۆژیی سپی پێستی ئەنجام دەدرێن و دژی بەهاکانی ئەمەریکایە و نابێت لە ئەمەریکا جێگەی رقلێبوونەوە ببێتەوە.
لە چەند ساڵی رابردوو ژمارەی قوربانیانی هێرشە چەکدارییەکان لە ناوخۆیی ئەمریکا زۆر بەرزبوونەتەوە و لە ساڵی 2021 زیاتر لە 8100 کەس بوونە قوربانی ئەو هێرشانە.
تەنیا لە ساڵی 2021 لە سەرانسەری ئەمریکا 240 کردەوەی هێرشکردن ئەنجام دراون و رێژەی کردووەکان بە 23٪ زیاتر بووە لەساڵی پێش خۆی.