وه‌زیری دارایی عێراق: پڕۆژه‌ یاسای ئاسایشی خۆراك جێگره‌وه‌ی بوودجه‌ی گشتی نه‌بوو

"حكومه‌ت ناتوانێت بوودجه‌ی گشتی ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكات"

عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی عێراق
عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی عێراق

K24- هه‌ولێر:

وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاند، دوابه‌دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای "پشتیوانی ئاسایشی خۆراك"، حكومه‌ت ناتوانێت بوودجه‌ی گشتی ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكات.

عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی، حكومه‌تی عێراق ناتوانێت یاسای بوودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2022 ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكات.

وه‌زیری دارایی عێراق راشیگه‌یاند، "پڕۆژه‌ یاسای"پشتیوانی ئاسایشی خۆراك" گرنگه‌، كاتێك له‌ ئێستادا یاسای بوودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2022 په‌سه‌ند نه‌كراوه‌".

عه‌للاوی گوتی: "بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ره‌وتی كاره‌كان و توانامان ده‌بێت، حكومه‌تی نوێی عێراق له‌ چه‌ند مانگی داهاتوو پێك ده‌هێنرێت، حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ریش به‌مشێوه‌ ناتوانێت رووبه‌ڕووی دۆخه‌ فریاگوزارییه‌كان ببێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "پڕۆژه‌ یاسای "پشتیوانی ئاسایشی خۆراك" جێگره‌وه‌ی بوودجه‌ی گشتی نه‌بوو".

Fly Erbil Advertisment