ئه‌ڵمانیا: ئامێز بۆ فینله‌ندا و سوید ده‌كه‌ینه‌وه

K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی ده‌رگای ناتۆ به‌ڕووی فینلەندا و سوید كراوه‌یه، باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌گه‌ر بڕیاریاندا له‌و ده‌رگایه‌وه تێپه‌ڕن، ئه‌وا ئامێزیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه.
ئانالێنا بێیربۆك، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوای كۆبوونه‌وه‌ی نافه‌رمیی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی ناتۆ له به‌رلین، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی ناتۆ، یه‌نس ستۆڵتنبێرگ سازكرد.
بێیربۆك رایگه‌یاند، ناتۆ له هه‌موو كات زیاتر له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه بۆ هه‌مووان گرنگتره. ده‌شڵێت: "ئه‌و جه‌نگه‌ی رووسیا له ئۆكرانیا هه‌ڵیگیرساندووه، له هه‌موو كات زیاتر ئه‌وانه‌ی له یه‌كتر نزیك كردووه‌ته‌وه كه به‌ها و بنه‌مای هاوبه‌شیان هه‌یه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا باس له‌وه‌ش ده‌كات، جه‌نگی رووسیا - ئۆكرانیا به ئه‌گه‌ری زۆر رێگا بۆ بوونه ئه‌ندامی فینلەندا و سوید له ناتۆ خۆش ده‌كات و ئه‌مه‌ش كارێك نییه به‌ر له 24ـی شوبات پلانی بۆ دانرابێت.
بێیربۆك ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و دوو وڵاته ته‌نیا دۆست و هاوبه‌ش نیین، به‌ڵكو زۆر ده‌مێكه ئه‌ندامی خێزانی ئه‌وروپان.
ئانالێنا بێیربۆك جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه پشتیوانیی ته‌واو له هه‌ر بڕیارێك ده‌كه‌ن كه ئه‌و وڵاتانه بۆ ئاسایشی خۆیان بیده‌ن. هه‌روه‌ها گوتی "ده‌رگای ناتۆ به‌ڕووی فینلەندا و سوید كراوه‌یه، ئه‌گه‌ر بڕیاریاندا له‌و ده‌رگایه‌وه تێپه‌ڕن، ئه‌وا ئامێزیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه".