پلاسخارت: پێویسته هاوبه‌شی له ده‌ركردنی بڕیاری دادگای عێراق هه‌بێت
K24- هه‌ولێر:
نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، گوتارێكی له‌باره‌ی دۆخی گشتیی عێراق له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش كرد و دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و وڵاته له گێژاوێكی سیاسی و ئه‌منیدایه و له‌ڕووی ژینگه‌شه‌وه خۆڵبارین له عێراق بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره.
جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له گوتاره‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، عێراق له گێژاوێکی سیاسی دایه رێز له واتا دەستوورییەکان نەگیراوه و نابێت گەندەڵکارانیش له سزا رزگاریان بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: گرووپه چەکدارەکان ئەم بۆشاییەیان قۆستووەتەوه و به مووشەکه هێرش دەکەنە سەر چەند شوێنێك و جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته عەقڵیەتی چەکداری له عێراق سنووردار بکرێت و ئەو گرووپه چەکدارانەی له دەرەوەی هاتوون له‌و وڵاته بكرێنه ده‌ره‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هێرشه مووشەکییەکان جێگەی نیگەرانی و مەترسیدارن و ئەو شوێنەی ئێران مووشەکبارانی کردووه شوێنێکی مەدەنی بووه و جه‌ختیكرده‌وه، بیانووەکانی ئێران بۆ هێرشەکەی سەر هەولێر نه‌سه‌لمێندران و هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر ئاسایشی عێراق دەخاته مەترسییەوه و پێویسته تاوانباران ئاشکرا و دادگایی بکرێن.
تایبه‌ت به بڕیاره‌كانی ئه‌م دوایه‌ی دادگای فیدراڵیش نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گوتی: "پێویسته له ده‌ركردنی بڕیاری دادگا هاوبه‌شی هه‌بێت".
پلاسخارت گوتیشی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان له هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامه، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ناکۆکییه سیاسییەکان له عێراق قووڵتر بوونەتەوه.
سه‌باره‌ت به دۆخی شنگالیش، نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق گوتی: ئاستەنگ بۆ دانیشتووانی شنگال دروست دەکرێت و رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچەیه زۆر گرنگه، كه تا ئێستاش ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه پلاسخارت گوتی: ده‌بێت دۆخێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بهێنرێته ئاراوه، له‌كاتێكدا هه‌ندێك تێکدەری بیانی دۆخی شنگالیان تێکداوه و شنگال بووه‌ته گۆڕەپانێك بۆ تێکدەران، به‌و هۆیه‌شه‌وه جارێکی دیکه خه‌ڵكی شنگال روویان له ناوچه‌كانی دیكه‌ی هەرێمی کوردستان کردووەتەوه.
له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراقیش دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، پلاسخارت دووپاتیكرده‌وه، پێویسته ئەو دۆخه چەقبەستووەی عێراق تێپەڕێندرێت.
هه‌ر له‌و دانیشتنه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا، نوێنەری ئیمارات گوتی: له ماوەکانی رابردوو شانه‌كانی داعش 69 هێرشی ئەنجامداوه و گوتیشی: هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر به توندی سەرکۆنه دەکەین و هێرشە مووشەکییەکانی ئێران پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
نوێنه‌ری چینیش له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دووپاتیكرده‌وه، پێویسته گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن به چارەسەری بەردەوام بێت و دووپاتیكرده‌وه، سەقامگیریی عێراق سەقامگیریی ناوچەکەیه و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ گه‌یشتنی عێراق به وزه‌ی پاك نیشاندا.
هه‌رچی نوێنه‌ری به‌ریتانیایه، جه‌ختیكرده‌وه، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەین.
نوێنەری مەکسیکیش گوتی: داوا دەکەین رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت پێویسته بۆ چارەسەری دۆخی شنگال هەماهەنگیی لەنێوان هەولێر و بەغدان هەبێت و گوتیشی: هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر جێگەی نیگەرانین.
له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، نوێنه‌ری مه‌كسیك دووپاتیكرده‌وه، پێویسته کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن، له‌وانه‌ش داوا دەکەین، کێشەی یاسای نەوت و گاز بەپێی دەستوور له‌نێوان هه‌ردوولا چارەسەر بکرێت.
نوێنه‌ری ئێرله‌نداش قسه‌ی خۆی له‌وباره‌یه‌وه كرد و گوتی: هێرشه مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنه دەکەین و ئه‌و هێرشه كراوه‌ته سه‌ر خاكی وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری.
نوێنه‌ری گوتی: کرده سەربازییەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر عێراق پێشێلکارییەکی ئاشکرایه.
هه‌رچی نوێنه‌ری فه‌ره‌نساشه جه‌ختیكرده‌وه، هێرشه مووشەکییەکانی ئێران پێشێلکردنی سەروەریی عێراقه و سه‌باره‌ت به دۆخی شنگالیش گوتی: پشتگیری له جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەین، كه ئه‌و دۆخه‌وه 4 هه‌زار خێزان دووباره ئاواره‌بوونه‌ته‌وه و جه‌ختیشیكرده‌وه، له هه‌موو بوارێكدا پشتیوانی له هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین.
H.B