تاڵیبان بڕیارێكی نوێی بۆ بێژه‌رانی ئافره‌ت ده‌ركرد
"ئه‌گه‌ر جێبه‌جێی نه‌كه‌ن، باوك، براو و مێرده‌كانتان ده‌ستگیر ده‌كرێن"

K24- هه‌ولێر:
تۆڕی هه‌واڵی تڵوع نیوزی ئه‌فغانی ئاشكرای ده‌كات، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بڕیارێكی نوێی بۆ بێژه‌ر و په‌یامنێرانی ئافره‌ت له تیڤی ده‌ركرد، داوا ده‌كات له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ و لایڤه‌كان رووی خۆیان بپۆشن.
تۆڕی هه‌واڵی تڵوع نیوزی ئه‌فغانی بڵاویكرده‌وه، هیبه‌توڵا ئاخونزاده، رێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان هۆشداری له‌باره‌ی شاردنه‌وه‌ی رووی بێژه‌ره ئافره‌ته‌كان له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی "فه‌رمانكردن به‌چاكه و نه‌هیكردن له خراپه" بڵاوكرده‌وه، به پێچه‌وانه‌وه مێرد، باوك و برایان ده‌ستگیر ده‌كرێن، یاخوود له‌كاره‌كانیان ده‌رده‌كرێن.
وه‌زاره‌تی "فه‌رمانكردن به‌چاكه و نه‌هیكردن له خراپه" داوا ده‌كات ژنان "حیجابی عه‌ره‌بی و لادێنشینه‌كانی ئه‌فغانی" به‌كار بهێنن، به پێچه‌وانه‌وه تووشی سزای تووند ده‌بنه‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه فه‌رمانڕه‌وایانی تاڵیبان به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیاندابوو، خه‌ریكه رێزی به‌ها و ئازادییه‌كانی ئافره‌تان ناگرن، به‌تایبه‌ت ده‌ركردنی ئه‌م بڕیارانه‌ی كه جوڵه و ئازادی ژنان سنووردار ده‌كات.