کەسێک لە رووباری دۆڵەبەفرە خنکا
"پێشتر پێیان گوتووە مەچۆ بۆ مەلەکردن"
K24 – راپهرین:
پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، کەمێک بهر له ئێستا تەرمی گەنجێک لە رەگەزی نێر، لەدایکبووی ساڵی 2004 پیشەی خوێندکاره و دانیشتووی ناحیەی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ) گەیەندرایە نەخۆشخانە، کە لە رووباری گوندی دۆڵەبەفرە لەناو پاشماوەی چاڵهكانی حەفارە خنکاوە.
بە گوتەی هاوڕێکانی لەگەڵیدا بوون "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (ههینی 20ـی ئایار / مایۆی 2022) چوون بۆ نزیک رووبارەکە، بەڵام هاوڕێکەیان چووە بۆ مەلەکردن و بەهۆی نەشارەزایی خنکاوە، پێشتر پێیان گوتووە مەچۆ بۆ مەلەکردن".
به گوێرهی زانیارییهكان پۆلیسی راپهڕین، دوای زیاتر لە یەک کاتژمێر تەرمەکەی لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی ژاراوە دەرهێندراوەتەوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
رووداوەکە لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ گەنجێکی دیكه لە دەریاچەی دووکان خنکا و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە .