مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی خاچی سوور کۆدەبێتەوە
گفتوگۆ دەربارەی کار و چالاکیی و هاوکارییەکانی رێکخراوەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئایار2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، لەگەڵ پیتەر ماورەر، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی کار و چالاکیی و هاوکارییەکانی رێکخراوەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لە برەودان بە هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خاچی سوور کرا لە پێناو یارمەتیدانی ئاوارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن.