تێدرۆس ئەدهانۆم بۆ جاری دووەم بە سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵبژێردرایەوە

ئه‌دهانۆم به‌ چاوی پڕ له‌ گریانه‌وه‌: "هیچ کەس هێندەی من ئەزموونی لەگەڵ نەخۆشی و شەڕدا نیە"

تێدرۆس ئه‌دهانۆم، سه‌رۆكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان
تێدرۆس ئه‌دهانۆم، سه‌رۆكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان

K24- هه‌ولێر:

ئەدهانۆم یەکەم هاووڵاتی ئەفریقیە، كه‌ بووه‌ سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و بۆ جاری دووەمیش بە دەنگی زۆرینەی وڵاتانی ئەندام، دووباره‌ متمانەی پێدرایەوە.

ئەندهانۆم لە کۆی 160 دەنگ، 155 دەنگی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ی بەدەستهێناوە. لە وتارێکدا باسی لە منداڵی خۆی و ئەزموونی خۆی لەگەڵ شەڕ و نەخۆشی کرد. ئەدهانۆم گوتی: هیچ کەس هێندەی من ئەزموونی لەگەڵ نەخۆشی و شەڕدا نیە.

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەکاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا، چەند جارێک دەستی كرد به‌ گریان و باسی رابردووی خۆی كرد و گوتیشی: "کوڕی خێزانێکی هەژاری ئەفریقیم، ئەوکاتەی تەمەنم 7 ساڵ بوو، برایەکەم بە نەخۆشی سورێژە گیانی لەدەستدا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "وڵاتەکەشم شەڕ و ناخۆشی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کاتێك سەردانی ئۆکرانیام کرد و منداڵەکانم بینی دۆخیان چەندە خراپە، منداڵی خۆمم بیرکەوتنەوە".

H.B

Fly Erbil Advertisment