"هۆشداری ده‌ده‌مه‌ ئه‌وروپا، رووسیا تووشی شكستی زه‌لیلكارانه‌ مه‌كه‌ن"

كێسنجه‌ر: ده‌بێت ئۆكرانیا ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بكات كه‌ به‌شێك له‌خاكه‌كه‌ی له‌ پێناو ئاشتیدا ببه‌خشێت

هێنری كێسنجه‌ر، وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
هێنری كێسنجه‌ر، وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:

هێنری كێسنجه‌ر گوتی: ده‌بێت ئۆكرانیا ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له‌خاكه‌كه‌ی ببێت بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ و هۆشداریدا، له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وروپاش پێویسته‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت، كه‌ رووسیا تووشی شكستی زه‌لیلكارانه‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناسه‌قامگیری ته‌واوی ناوچه‌كه‌.

رۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گرافی به‌ریتانی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه دا،‌ دوێنێ 23ی ئایار (مه‌ی 2022) له‌ كۆربه‌ندی ئابوری جیهان له‌ داڤۆس -ی سویسرا هێنری كیسنجه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ی دا به‌ گوێی ئۆكرانییه‌كان، كه‌ پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له‌و خاكه‌ی ببێت، كه‌ له‌ به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵات له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ داگیركراوه‌، له‌هه‌مانكاتدا گوتیشی: "به‌ ئه‌وروپییه‌كان و خۆرئاواش ده‌ڵێم: رووسیا تووشی شكستی زه‌لیلكارانه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناسه‌قامگیری ته‌واوی ناوچه‌كه‌".

قسه‌كانی كێسنجه‌ر له‌كاتێكدایه‌،‌ زۆربه‌ی سیاستمه‌دارانی رووسیا ئاماژه‌ به‌ جه‌نگی درێژخایه‌ن ده‌كه‌ن و هۆشداری ده‌ده‌نه‌ ڤلادیمێر پوتن، كه‌ خۆی  له‌ جه‌نگی درێژخایه‌ن به‌دووربگرێت. رۆژی 23 ئایار، ڤلادیمێر سۆلۆڤیۆڤ له‌ ته‌له‌فیزیۆنی رووسیا -1ی سه‌ر به‌ كرملینه‌وه‌ پێداگری له‌و تێڕوانینه‌ كرد، كه‌ شه‌ڕی پوتن له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، شه‌ڕێكی درێژخایه‌نه‌.

بۆیه‌ دیپلۆماتكاره‌ 98 ساڵه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهان له‌ داڤۆس به‌ پێویستی زانی، له‌ دوو مانگی داهاتوودا دانووستانه‌كان ده‌ستپێبكه‌ن، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵچوون و ئاڵۆزی ترسناك بێنه‌ ئاراوه‌، ئه‌گینا ئه‌وكات به‌ ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت. گوتیشی: "ئه‌وكات له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ به‌دواداچوون بۆ شه‌ڕه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ رزگاركردنی خاكی ئۆكرانیاوه‌ نامێنێت و شه‌ڕێكی نوێ ده‌بێت له‌ دژی رووسیا".

ئه‌م لێدوانه‌ی كێسنجه‌ر به‌رپرسانی ئۆكرانیای تووڕه‌ كردووه‌ و ئه‌وان دژی هه‌ر بیرۆكه‌یه‌كن كه‌ ببێته‌ هۆی ده‌ستبه‌رداربوونی پارچه‌یه‌ك له‌ خاكه‌كه‌یان، له‌وباره‌شه‌وه‌ ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، ئۆكرانیا ته‌نیا ئه‌وهی له‌ رووسیا‌ قبووڵ ده‌كات ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌رێت له‌ خاكه‌كه‌ی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و واز له‌و هه‌موو پرۆپاگه‌ندانه‌ بهێنێت كه‌ ئه‌و خاكانه‌ی داگیری كردوون به‌شێكن له‌ ستراتیژی جه‌نگی رووسیا، هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ له‌ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا.

زێلینسكی له‌ گوتارێكیدا كه‌ له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ ئۆنلاینه‌وه‌‌ له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهان نیشانی ئاماده‌بووان درا، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، كه‌ پوتن گرنگی به‌ دانوستان نادات، یان هه‌ر چاره‌سه‌رێك له‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌ به‌شداربووان له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌ن یان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، گوتیشی: "پوتن ته‌نیا گرنگی به‌ هێزی دڕندانه‌‌ ده‌دات".

زێلینسكی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد، ده‌بێت ئه‌مساڵ خاڵی وه‌رچه‌رخانی كرداری بێت زیاتر له‌وه‌ی تیۆری، گوتیشی: "ئه‌مساڵ ئه‌و ساڵه‌یه‌ كه‌ بڕیار ده‌درێت، كه‌ ئاخۆ هێزی شه‌ڕ حوكمی جیهان ده‌كات یان نا".

ئه‌و له‌ وتاره‌كه‌یدا گوتی: "ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان گرنگی به‌ بیركردنه‌وه‌مان نه‌ده‌ن و هیچ سودێكی زیاتر نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر گفتوگۆكانی داڤۆس، ئه‌وا هێزی شه‌ڕخواز گه‌شه‌ به‌ بیرۆكه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات، كه‌ ملیان بۆ كه‌چده‌كه‌ن و به‌دوای هیچی تردا ناگه‌ڕێن، وه‌ك چۆن رووسیا ئه‌وه‌ی ده‌وێت".

به‌هۆی له‌شكركێشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، ئه‌مساڵ به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی رووسیا له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی - داڤۆس بێبه‌شكران.

كێسنجه‌ر كه‌ به‌ سیاسیییه‌كی وردبین و بیرتیژ ناسراوه‌، ده‌شێت به‌هۆی ئه‌م تێڕوانینه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا گوتی: "به‌رده‌وامبوونی دژایه‌تیكردنی مۆسكۆ ده‌توانێت لێكه‌وته‌ی درێژخایه‌نی كاره‌ساتبار بۆ ئارامی ئێستای ئه‌وروپا دروستبكات".

كێسنجه‌ر له‌ قسه‌كانیدا جه‌ختی ‌كرده‌وه،‌‌ رووسیا 400 ساڵه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كیی بووه‌ و له‌ كاته‌ گرنگه‌كاندا یارمه‌تی هاوسه‌نگڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی داوه‌. گوتیشی: "نابێت خۆرئاوا پاڵ به‌ رووسیاوه‌ بنێت تا هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ چین ببه‌ستێت".

لێدوانه‌كانی كێسنجه‌ر له‌سه‌ر دێڕی زه‌ نیویۆرك تایمز-دا ره‌نگیدایه‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: "ده‌بێت ئۆكرانیا ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بكات كه‌ به‌شێك له‌خاكه‌كه‌ی له‌ پێناو ئاشتیدا ببه‌خشێت".

ئه‌و ئامۆژگاری ئۆكرانییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: "هیوادارم ئۆكرانییه‌كان به‌ زیره‌كییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قاره‌مانێتییه‌یاندا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، كه‌ نیشانیانداوه‌، هه‌میشه‌ شوێنی دروستی ئۆكرانیا وه‌ك ده‌وڵه‌تی بێلایه‌ن بووه‌ نه‌ك وه‌ك به‌شێكی ته‌واو له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا".

هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كه‌ی زه‌ نیویۆرك تایمز بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری زێلینسكی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامی شاندی دانووستانه‌كانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، له‌ رێگه‌ی رۆیته‌رزه‌وه‌ گوتی: "ئه‌وه‌ی كێسنجه‌ر ده‌یڵێت به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئۆكرانیایه‌".

كێسنجه‌ر له‌ ساڵی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ی ریچارد نیكسۆن و جیرالد فۆرد به‌رپرسیارێتی هه‌بووه‌ و له‌و ماوه‌یه‌ش، 7 ساڵ وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته‌ كاری كردووه‌.

H.B