ههنگاریا دژی بڕیاری ئهوروپا بۆ قهدهغهكردنی هاوردهكردنی نهوتی رووسیا دهوهستێتهوه
ههنگاریا: لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا بڕیارەکە ڤیتۆ دەکەین
K24- ههولێر:
هەنگاریا دژی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەكردنی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپا دەوەستێتەوە و جهختی كردهوه، لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا بڕیارەکە ڤیتۆ دەکەین.
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا گوتی: بڕیاری قەدەغەی هاوردەی نەوتی رووسیا کێشە بۆ دابینکردنی وزەی هەنگاریا دروست دەکات و پابەندی نابین.
سیارتۆگوتی: "هەنگاریا دەنگ بە پرۆژە بڕیارەکەی برۆکسل نادات بۆ قەدەغەكردنی هاوردەی نەوتی رووسیا، چونکە ئەم بڕیارە کێشە بۆ دابینکردنی وزە لە وڵاتەکەمان دروست دەکات. ئەم کێشەیە لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاوە دروستکراوە، دەبێ ئەوان چارەسەری بۆ پێشنیاز بکەن. هەرکات چارەسەرەکە پێشنیازکرا ئەوکات قسە لەسەر سزادان و قەدەغەی هاوردەی وزەی رووسیا دەکەین".
ئاماژهی بهوهشدا، "هەربۆیە پێشنیازمان کردووە، ئەو دەستپێشخەریە بۆ کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا نەخرێتە بەرنامەی کارەوە، چونکە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت یەکگرتوویی ناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا تێکبدات."
ئهم گوتانهی وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لهكاتێكدان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر قەدەغەی هاوردەی نەوتی رووسیا بدات.
H.B