کار بۆ کەمکردنەوەی رۆتین لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەکرێت

تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو، بە بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان

کۆبوونەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری بازرگانی
کۆبوونەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری بازرگانی

K24 – هەولێر

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بۆ تاووتوێکردنی کەمکردنەوەی رۆتین لە وەزارەتی بازرگانی و چارەسەرکردنی دواکەوتنی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان کۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانی: "ئەمڕۆ دووشەممە 30/5/2022، بە بەشداری کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک بۆ خستنەڕووی گرفتەکان و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان بەڕێوەچوو".

ئاماژە بەوەکراوە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەمکردنەوەی رۆتین لە وەزارەت و دۆزیینەوەی رێکاری گونجاو، بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان لە هەردوو کەرتی بازرگانی و پیشەسازی کرا، ئاماژەش بەوەدرا کە باشترین رێکار بۆ نەهێشتنیی ئەو رۆتیینە پەیڕەوکردنی سیستمی بە ئەلیکترونی ئاڵووگۆڕی نووسراوەکانە کە لە ئێستادا لە تۆمارکردنی کۆمپانیان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پەیڕەو دەکرێت".

وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاندووە: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو، بە بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لە رابردوودا چەند جارێک دوا دەکەوت، بەڵام ئەو گرفتە لەنێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ چارەسەر کرا، بەوەش توانراوە بەشە خۆراکی مانگانەی مانگی 1 و 2ی ئەمساڵ دابەش و هەردوو بەشە خۆراکی مانگانەی مانگی 3 و چواریش %30  دابەش بکرێت".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو گرفتانە کرا کە لەبەردەم کارگەکان لە هەرێمی کوردستان هەن و باس لە رێگاکانی چارەسەر کردنیان کرا بۆ ئەوەی سەرنجی زیاتری وەبەرهێنەران رابکێشرێت بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ و کار ئاسانییان بۆ بکرێت لە دروستکردنی کارگەی نوێدا.

دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە

 

Fly Erbil Advertisment