زیاتر لە مانگێکە گوندەکانی پردێ و شوان بێ کارەبان

هاووڵاتییەک: دەیانەوێت گوندەکانمان چۆڵ بکەین

دیمەنێکی ناحیەی پردێ
دیمەنێکی ناحیەی پردێ

K24 – کەرکووک

دانیشتووانی گوندەکانی سنووری پردێ و شوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، زیاتر لە مانگێکە بێ کارەبان و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن کێشەکەیان چارەسەر بکات.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: "بەهۆی تێکچوونی وێستگەی کارەبا، دانیشتووانی گوندەکانی سنووری پردێ و شوان، زیاتر لە مانگێکە بێ کارەبان، کە پێشتریش گرفتی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبایان هەبووە، لە 24 کاتژمێردا تەنها 2 تا 3 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان پێدراوە".

ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەو گوندانە وەک ناڕەزایەتی گردبوونەتەوە و داوا دەکەن حکومەتی عێ٥راق چارەسەری گرفتەکەیان بکات.

هاووڵاتییەکی سنوورەکە بە کوردستان24ی گوت: "بەردەوام گرفتمان لەگەڵ کەمی کارەبا هەیە و وەک پێویست نییە، ئەمڕۆ نوێنەرمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا و پارێزگا گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی کێشەکەمان چارەسەر بکەن".

یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی ئەو گوندانە رایگەیاند: "ئەو گوندانەی کێشەی کارەبایان هەیە هەموویان کوردنشینن، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە رۆژ دوای رۆژ مافەکانمان پێشێل دەکرێت، بەتایبەتی جووتیارەکانمان زۆر هەراسدان دەکرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە گوندەکانمان چۆڵ بکەین".