قه‌سابه‌كه‌ی داگیركردنی ئۆكرانیا، دیارنه‌ماوه
پوتن مەدالیای پاڵه‌وانی فیدراسیۆنی رووسیای پێبه‌خشی
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا
ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه جه‌نه‌راڵ دڤۆرنیكۆڤ سه‌رپه‌رشتیاری ئۆپه‌راسیۆنی داگیركردنی ئۆكرانیا كه به قه‌سابه‌كه‌ی سووریا ناسراوه، بێسه‌روشوێنه ئه‌مه له‌كاتێكدا سوپای رووسیا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه.
رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز دوێنێ 31ی ئایار (مه‌ی 2022)، له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه جه‌نه‌راڵ ئهلهكسندهر دڤۆرنیكۆڤ كه نیوه‌ی مانگی نیسانی رابردووه‌وه له‌لایه‌ن ڤلادیمیر پوتن-ی سه‌رۆكی رووسیاوه وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری نوێی داگیركردنی ئۆكرانیا ده‌ستنیشانكرا، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه بێسه‌رووشوێنه و له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا نه‌بینراوه.
جه‌نه‌راڵ دڤۆرنیكۆڤ، به قه‌سابه‌كه‌ی سووریا ناسراوه، دوو هه‌فته‌یه له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا نه‌بینراوه، كه ئه‌مه‌ش وایكردووه به‌رپرسانی سوپا پێشبینی ئه‌وه بكه‌ن، كه ئه‌و چیدیكه سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵمه‌ته‌كه ناكات.
له نیوه‌ی مانگی نیسان، به‌هیوای سه‌ركه‌وتنی رووسیا له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا، پوتن سه‌ركردایه‌تی سه‌ربازی پرۆسه‌ی داگیركاری ئۆكرانیای سپارد به جه‌نه‌راڵ دڤۆرنیكۆڤ، چونكه وا لێكدرایه‌وه دوای حه‌وت هه‌فته شه‌ڕكردن له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی جه‌نه‌راڵه‌كانی مۆسكۆ-دا، مۆسكۆ شكستی هێناوه، رۆژنامه‌ی تایمز پێشتر ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردبوو، كه به‌ره‌كانی شه‌ڕ هیچ سه‌ركردایه‌تییه‌كی نه‌بووه، به‌ڵكو له مۆسكۆ-ه‌وه راسته‌خۆ سه‌رپه‌رشتی كراوه.
دڤۆرتیكۆڤ سه‌ركردایه‌تی فه‌وجێكی پێسپێردرابوو له جه‌نگی دووه‌می چیچان-دا كه ماوه‌ی 10 ساڵی خایاند (1999-2009).
دڤۆرتیكۆڤ-ی ته‌مه‌ن 60 ساڵ، شێوازێكی تایبه‌تی سه‌ربازی به‌ڕێوه‌ده‌بات كه تایبه‌تمه‌نده به بۆردوومانكردن له دووره‌وه، كه ئه‌مه‌ش هیچ ئه‌گه‌رێك ناهێڵێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی ده‌ستپارێزی بكرێت و ده‌بێته هۆی وێرانكردنی سه‌رخانی ته‌واوی ناوچه‌كه و مردنی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، هه‌ربۆیه ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئه‌سه‌د له سووریا به "قه‌سابه‌كه" ناویان برد، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و بۆردوومانه به‌رده‌وامه سه‌ختانه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر شاری حه‌له‌ب له‌ساڵی 2016 كه گه‌وره‌ترین شاری سووریایه، به‌و هۆیه‌وه ناوناوبانگی دەرکرد و پوتن مەدالیای پاڵه‌وانی فیدراسیۆنی رووسیای پێبه‌خشی.
مه‌به‌ست له ده‌ستنیشانكردنی دڤۆرتیكۆڤ له 12ی نیسان وه‌ك فه‌رمانده‌ی زه‌مینی به‌ره‌كانی جه‌نگ، گۆڕینی به‌رێوه‌بردنی شه‌ڕ بوو له یه‌كه‌یه‌كی بچڕ بچڕ-ه‌وه بۆ یه‌كخستنی به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ژێر چاودێری یه‌ك جه‌نه‌راڵ-دا، چونكه ئاژانسی بی بی سی پشت به‌ستن به زانیاری به‌رپرسانی خۆرئاوا، پێشتر له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی دڤۆرتیكۆڤ-دا ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه، یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی رووسیا باشتركردنی هه‌ماهه‌نگی یه‌كه‌كانی سوپایه له ئۆكرانیا.
پێشتر له راپۆرتێكدا سی ئێن بی سی له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك شرۆڤه‌كاری سه‌ربازییه‌وه ئاشكرای كرد، كه ده‌ستنیشانكردنی دڤۆرتیكۆڤ بۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئۆپه‌راسیۆنی ئۆكرانیا ئاماژه‌یه بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه ده‌چێته قۆناغی زۆر دڕندانه‌وه.
هه‌ربۆیه له راپۆرته‌كه‌ی زه نیویۆرك تایمز-دا ئه‌وه نیشاندراوه، له ماوه‌ی 4 هه‌فته‌ی رابردوودا ناوچه‌ی دۆنباس به‌رگه‌ی بۆردوومانی سه‌ختی هێرشه نوێیه‌كانی رووسیا-ی گرتووه له سه‌رده‌می دڤۆرتیكۆڤ-دا، به‌پێی وته‌ی به‌رپرسێكی ئۆكرانیا یه‌كێك له شاره‌كانی به‌ری خۆرهه‌ڵات له ماوه‌ی كاتژمێرێكدا، 200 جار بۆردوومانكراوه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و جه‌نه‌راڵه شتێكی ئه‌وتۆی بۆ پوتن به‌ده‌ستنه‌هێناوه، چونكه له‌كاتێكدا هێزه‌كانی رووسیا، دوای گه‌مارۆدانێكی درێژخایه‌ن شاری ماریۆپۆڵ-یان داگیركرد، له ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری ئۆكرانیا-یان له‌ده‌ستدا كه ئه‌ویش خاركێڤ-ه.