بێ کارەبایی خەڵکی سنووری کەرکووک توڕە دەکات

هاووڵاتییەک: سێ رۆژ جارێک نیو کاتژمێر کارەبامان پێدەدرێت

دیمەنێکی خۆپیشاندانی خەڵکی سنووری شوان و پردێ
دیمەنێکی خۆپیشاندانی خەڵکی سنووری شوان و پردێ

K24 - کەرکووک

لە کەرکووک جگە لە هەڕەشەی تەعریب، دۆخی ناوچەکوردییەکان لە بێ خزمەتگوزاری لە ئاستێکی خراپ دایە، دانیشتووانی سنووری پردێ و شوان دەڵێن، هەوڵێک هەیە، بۆ ئەوەی ناوچەکەمان تەعریب بکەن و دژایەتیمان دەکرێت، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووکیش تۆمەتبار دەکەن بەو هەوڵە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، نە ئاویان هەیە و نە کارەبا.

15 گوند و کۆمەڵگای کوردی لە سنوورەکانی شوان و پردێ، رۆژانە کەمتر لە دوو کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیان پێدەدرێت، خەڵکی سنوورەکە توڕەو نیگەرانن لە دۆخەکە، پێیان وایە ئەوانەی دەسەڵاتداری کەرکووکن، هەمان سیاسەتی سەردەمی بەعس لە دژیان پەیڕەو ئەکەن.

سەمیعە عەلی، ژنێکی دانیشتووی گوندی حەساری گەورە-یە بە کوردستان24ی گوت: "دەسەڵاتدارانی ئێستای کەرکووک لە سەدام خراپترن، ئەگەر وانییە دۆخمان وا نابێت، گوتراوە سێ رۆژ جارێک نیو کاتژمێر کارەبامان پێبدرێت، یان هەر نەبێت، ئەگەر کارەبا نەبێ ئاوەکەشمان نایەت".

توڕەیی خەڵکەکە گەیشتە ئەوەی کە دانیشتووانی سنوورەکە رێگای سەرەکی کەرکووک-هەولێر یان بە تەواوی داخست.

نیهاد محەمەد، یەکێک بوو لە خۆپیشاندەرەکان و گوتی: "ماوەی 15 رۆژە گوندەکانی ئەم سنوورە بێ کارەبان، ئاخر کەی رەوایە بەم گەرمایەی هاوینە 10 رۆژ بێ کارەبا بیت، ئەگەر سیاسەتێکی داڕێژراو نەبێت، بۆ لە چوار دەوری کەرکووک تەنها ئەم ناوچە کوردنشینانە دەچەوسێنرێنەوە، ئەو دۆخە دەستێکی لە پشتە بۆ ئەوەی ئەم سنوورە چۆڵ بکرێت".

خۆپیشاندەرێکی دیکە بەناوی عەلی جەعفەر، دەڵێ: "ئەوەی دەکرێت بێگومان تەعریبە، ئەم ناوچانەی بێ کارەبا کراون، ئەو شوێنانەن کە کشتوکاڵی ناوچەکەی لێ دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment