حكومه‌تێكی پڕ له ژن
"شانازی ده‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تێكی فره‌یی ده‌كه‌م"

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی ئوسترالیا كه هه‌فته‌ی پێشوو سوێندی یاسایی خوارد، 13 ژن له‌خۆده‌گرێت ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه له مێژوودا تۆماری كرد، له‌نێویشیاندا ژنێكی موسڵمان هه‌یه كه ده‌بێته یه‌كه‌م ژنی موسڵمان كه وه‌زیره له كابینه‌ی حكومه‌تی ئوسترالیا.
به‌پێی راپۆرتێكی زه واشنتۆن پۆست مه‌راسیمه‌كه له كانبێرا-ی پایته‌خت له‌لایه‌ن جه‌نه‌رال دێڤد هێرلی حاكمی گشتی ئوسترالیاوه به‌رێوه‌چوو.
سوێندخواردنی كابینه‌ی نوێ، دوای 11 رۆژ دێت له سه‌ركه‌وتنی ئه‌نتۆنی ئالبانێز سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكارانی چه‌پی ناوه‌ڕاست بۆ سه‌رۆك وه‌زیران به‌سه‌ر حزبی كهنسهرڤاتیڤی ئوسترالیا.
ئه‌لبانێز له تویتێكدا نووسیویه‌تی: "شانازی ده‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تێكی فره‌یی ده‌كه‌م كه تا ئاستی باڵای ئوسترالیا هه‌مه چه‌شنه".
ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس له راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووه كه ئان ئالی یه‌كه‌م ژنه موسڵمانه له كابینه‌كه‌ی ئالبانێز كه وه‌ك وه‌زیری لاوانی ئوسترالیا ده‌ستبه‌كارده‌بێت، له‌كاتێكدا له حكومه‌ته نوێیه‌كه‌دا موسڵمانێكی دیكه‌شی تێدایه ئه‌ویش ئیلا هۆسیچ كه موسڵمانێكی دیكه‌یه كه وه‌ك وه‌زیری پیشه‌سازی و زانستی خزمه‌ت ده‌كات.
هه‌روه‌ها لیندا بێرنی بووه یه‌كه‌م ژنی ره‌سه‌ن و دووه‌م كه‌سی ره‌سه‌نی ئوسترالی كه وه‌ك وه‌زیری كاروباری ره‌سه‌نایه‌تی ده‌ستبه‌كارده‌بێت.
ئالبانێز دوای 11 رۆژ له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، روونبۆوه كه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت، وتی: "گه‌لی ئوسترالیا ده‌نگیان به گۆڕانكاری داوه"، "گه‌لی ئوسترالیا ئه‌و حكومه‌ته‌ی دوورخسته‌وه كه ماوه‌ی 10 ساڵه له‌ده‌سه‌ڵاتدایه، هاوپه‌یمانی كهنسهرڤاتیڤهكانیان له‌ده‌سه‌ڵات لادا"، ئه‌و وه‌های وت.
له راپۆرتێكدا گۆڤاری زه ئیكۆنۆمیست ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌رانی رۆژئاوای ئوسترالیا نه‌بوایه كه به‌هۆی رێوشوێنی توندی حكومه‌تی ناوچه‌كه كه سه‌ر به پارتی كرێكارانن له كاتی كۆڤید-19 له پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ئه‌وا ئاسۆی ئه‌لبانێز زۆر روون نه‌بوو بۆ ده‌رچوون.

ئه‌لبانێز و پێنی وۆنگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا هه‌فته‌ی پێشوو سوێندی یاساییان خوار بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه تۆكیۆ-ی پایته‌ختی ژاپۆن تا به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی (كواد) بكه‌ن له گه‌ڵ جۆو بایدن-ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ریه‌ك له فۆمیۆ كێشی سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن و نارێندرا مۆدی سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی چین له زه‌ریای هیندی و زه‌ریای هێمن.
له راپۆرتێكهی گۆڤاری زه ئیكۆنۆمیست-دا هاتووه: ده‌رباره‌ی ئاسایشی نیشتمانی، ئه‌لبانێز به‌ڵێن ده‌دات هاوشێوه‌ی سكۆت مۆریسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو توند بێت.
پارته‌كه‌ی پایه‌نده به AUKUS رێكه‌وتنی به‌رگری كه ساڵی پار مۆریسۆن له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا ئیمزای كرد و به‌ڵێنی داوه كه خه‌رجییه‌كانی به‌رگری 2% له به‌رهه‌می ناوخۆیی زیادبكات و هاوكارییه‌كانی بۆ زه‌ریای هێمن به‌رزبكاته‌وه.
له‌كۆی ئه‌و 30 وه‌زیره‌ی كابینه‌كه نوێیه‌كه‌ی ئوسترالیا كه متمانه‌یان به‌ده‌ستهێناوه نزیكه‌ی نیوه‌ی ژنن، له‌كۆی 23 پۆستی ئیداری كه رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له كابینه‌كه‌دا 10 پۆستیان ژنان داگیریان كردووه.
ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره له‌مێژووی ئوسترالیا ژن به‌م ژماره زۆره‌وه كابینه‌ی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی داگیربكات.
پارتی كرێكارانی چه‌پی ناوه‌ڕاست له هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی رابردوو كورسییه‌كی پێشوماریان ده‌سته‌به‌ركرد كه زۆرینه‌ی ته‌واوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستده‌هێنن كه له 150 كورسی زیاتر ده‌بێت.