وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا: پەکەکە و حه‌شدی شه‌عبی بوونەتە مەترسی بۆسەر شنگال

"په‌كه‌كه‌ ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال دروستده‌كه‌ن"

دیمه‌نێكی ئاواره‌بوونی ئێزدییه‌كان
دیمه‌نێكی ئاواره‌بوونی ئێزدییه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا راپۆرتی ساڵانەی ئازادی ئایینی لە جیهاندا بڵاوکردەوە و سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشكرای ده‌كات، پەکەکە و میلیشیاکان لە شنگال بوونەتە مەترسی بۆسەر دانیشتوانی ناوچەکە و ئاستەنگیان لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان دروستکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له‌ میانی راپۆرتی ساڵانەی ئازادی ئایینی لە جیهاندا پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاندووه‌ و ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە هەرێمی کوردستان رێگە بە پەیڕەوانی ئایینی جیاواز دەدرێت بەفەرمی خۆیان لە وەزارەتی ئەوقاف تۆمار بکەن لە عێراقدا ئەم دەرفەتە نییە.

هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، بەپێچەوانەی عێراق ئایینی بەهائیی لە هەرێمی کوردستان بەفەرمی تۆمارکراوە و پەیڕەوانی ئەو ئایینە لە هەرێمی کوردستان ئازادن، بەڵام لە عێراقدا هەرکەسێک پەیڕەوی ئەو ئایینە بکات بە 10 ساڵ زیندانی سزا ده‌كرێت.

راپۆرتەکە بەوردی باس لە دۆخی ئازادی ئایینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، سەبارەت بە عێراق روونیكردووه‌ته‌وه‌، بەگوێرەی یاسای فیدڕاڵی هەرکەسێک پەیرەوی لە ئایینی بەهائی بکات بە 10 سال بەندی سزا دەدرێت بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان ئازادن.

هه‌روه‌ها لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە پەرلەمانی عێراق لە کۆی 329 کورسی تەنیا 9 کورسی بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 111 کورسی 11 کورسی بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان تەرخانکراوە.

جیا له‌وه‌ش له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، یاساکانی هەرێمی کوردستان گوتاری میدیایی، سیاسی یان ئایینی بە تاک بێت یان بەشێوەیەکی گشتی، راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ، کە رق و توندوتیژی و تیرۆر و هەڵاوێرکردن و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی و زمان بڵاو بکاتەوە قەدەغە كردوون.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هەشت ئایینی جیاواز لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی تۆمارکراون و بریتین لە: ئیسلام، کریستیان، ئێزیدی، جودایزم، سابیئەی مەندایی، زەردەشتی، یارسان و بەهائی. 

لە راپۆرتەکەدا لەبارەی دۆخی شنگال و ئێزدیی و کریستیانەکانەوە هاتووه‌، هەبوونی پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە شنگال و دەشتی نەینەوا و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە، بوونەتە مەترسی بۆسەر دانیشتوانی ناوچەکە و ئاستەنگیان لەبەردەم گەرانەوە بۆ ناوچەكانیان دروستکردووە.

جیالەوەش راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌‌ڕوو، بەگوێرەی راپۆرتەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و ئایار، لە ساڵی 2015 و لە تێکشکانی داعشەوە پەکەکە بەسەدان گەنجی ئێزیدی رفاندوون و بردوونیەتە ریزەکانیەوە.

لە راپۆرتەکەدا باس له‌وه‌ش كراوه‌، هێشتا 1 ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە لە عێراق هەن و زۆربەیان لە نەینەوا و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووکن.

بەگوێرەی ئامارەکانی سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 664 هەزار و 909 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن.

لەو ژمارەیەش لەسەدا 40 عەرەبی سوننە، لەسەدا 30 ئێزیدی، لەسەدا 13 کوردی پەیرەوانی ئایینە جیاوازەکان و لەسەدا 7 کریستیان و ئایینەکانی دیکەش لەسەدا 10 پێکدێنن.

لە راپۆرتی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ ساڵی 2021دا هاتووە، تەنیا لە هەرێمی کوردستان رێگە بە پەیڕەوانی ئایینی جیاواز دەدرێت بەفەرمی خۆیان لە وەزارەتی ئەوقاف تۆمار بکەن لە عێراقدا ئەم دەرفەتە نییە.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەگەر 150 کەس پەیڕەوی هەر ئایینێک بکەن و بە بەڵگە سەرچاوەی داراییان پێشکەش بکەن و بیسەلمێنن دژی ئایینی ئیسلام نیین دەتوانن بەفەرمی ئایینەکەیان تۆمار بکەن.

Fly Erbil Advertisment