شەڕی رووسیا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دارایی رووسەکان دروستکردووە

رووسەکان بە ئەستەم کاریان دەستدەکەوێت

K24 - هه‌ولێر:

شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان دروستکردووە، ئەوەتا رۆژ بە رۆژ ئەنجامە نەرێنییەکان لەسەر ئابووری دەردەکەون. لە سەرەتای شەڕەکەدا رووسەکان پێشبینی ئەو کاریگەرییە زۆرەیان نەدەکرد، چونکە دەیان سزای قورس بەسەر رووسیا سەپێندراون.

ئه‌مڕۆ 100 رۆژ به‌سه‌ر هێرشی سوپای رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام له‌ ناوخۆی رووسیا دەیان هەزار رووس بێکار ماونەتەوە، چونکە کۆمپانیا گەورەکان کشاونەتەوە و ئێستا هەلی کار بە ئەستەم دەستدەکەوێت.

شەڕ "سۆفیا"ی بێکار کردووە، ئەو ناتوانێت خواردن وەک جاران لە رێستورانتەکان داوا بکات، لە ماڵەوە بێکار رۆژانە یادگارییەکان دەنووسێتەوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا پێشبینی کاریگەرییەکی لەم شێوەیەی لەسەر جیهان نەبوو، ئێستا کە شەڕ پێی ناوەتە 100ـمین رۆژ، کاریگەرییەکانی زۆر بەسەر هاووڵاتیانی رووسیاوە دیارە.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، بۆمب و دەنگی تەقینەوە گەورەکان دوور لە خاکی رووسیا بوون، بەڵام چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕ، زنجیرەیەک سزای قورسی ئابووری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا بەسەر رووسیا سەپێندران و ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رووسەکان دروست کرد.

سۆفیا سوڤۆرۆڤا، دانیشتووی شاری نیژنی نۆڤگۆرۆد-ی رووسیایه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئێستا هیچ خواردنێک لە دەرەوە داوا ناکەین، پێشتر لەبەر منداڵەکان زۆر یارمەتیدەر بوو، ئێستا کەمتر دەچینە کافتێریاکان. ناچارین دەستبەرداری ساتەکانی ئامادەبوون لە کۆنسێرت و شانۆگەرییەکان بین.

سەدان کۆمپانیای نێودەوڵەتی کارەکانیان لە رووسیا هەڵپەسارد و ئەمەش وایکرد دەیان هەزار رووسی بێکار بمێننەوە و ئێستا تامەزرۆی دەستکەوتنی کارێکن.

سۆفیا پێشتر کاری لە بەشی پەیوەندییەکانی کۆمپانیایەکی گەورەی نێودەوڵەتی دەکرد، ئێستا ئەو یەکێکە لە قوربانییەکانی کار لەدەستدان بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

سۆفیا گوتیشی: بەهۆی کشانەوەی زۆربەی کۆمپانیاکان، دۆزینەوە هەلی کار ئاسان نییە، بە تایبەت منداڵی بچووکم هەیە و چەندین کێشەی دیکەشم هەیە.

هەرچەندە هاوسەری سۆفیا کار دەکات، بەڵام مووچەکەی بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکات و ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بچنە دەرەوە، یان وەك ساڵانی پێشوو گەشتی خێزانی دەرەوەی شار بکەن.

سەرەڕای ئاستەنگەکانی ژیان، سۆفیا و خێزانەکەی پاڵپشتی سیاسەتی وڵاتەکەی لە شەڕی ئۆکرانیا دەکەن. سۆفیا نموونەی دەیان هەزار بێکاری دیکەی رووسیایە، کە نازاندرێت شەڕەکە بە چ ئاقارێک دەچێت و بە چ سیناریۆییەک کۆتاییدێت.