ته‌ندروستی جیهانی: گۆڕاوێكی نوێی كۆرۆنا دروست ده‌بێت
"گۆڕاوه‌كه كوشنده‌تره و ڤاكسینیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر نابێت"

K24 - هه‌ولێر:
تیدرۆس ئه‌دهانۆم گیبریسوس، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هۆشداری دا، سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕاوێكی نوێی كۆرۆنا مه‌ترسییه‌كی زۆره و هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر جیهان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و ڤاكسینانه‌ی ئێستاش هه‌یه، كاریگه‌رییان به‌رامبه‌ری نابێت.
غيبريسوس له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له كۆنگره‌ی ئاسایشی "Globsek-2022" له براتیسلاڤای پایته‌ختی سلۆڤاكیا گوتی: هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه و روون هه‌یه، كه ده‌ركه‌وتنی گۆڕاوێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا كوشنده‌تر بێت و ئه‌و ڤاكسینانه‌ی ئێستا به‌رگه‌ی نه‌گرن.
به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی نیگه‌رانی خۆی نه‌شارده‌وه، كه له هه‌ندێك ناوچه‌ی جیهان رێژه‌ی مردن به ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رزه، به‌تایبه‌تی له ئه‌فریقیا و ناوچه‌ی رۆژئاوای زه‌ریای هیندی.
گوتیشی: له ئه‌مه‌ریكا رێژه‌ی تووشبوون به كۆرۆنا زیادی كردووه، له‌گه‌ڵ رێژه‌ی مردنیش، ده‌ڵێن كۆرۆنا كۆتایی هاتووه، به‌ڵام كۆتایی نه‌هاتووه.
روونیشكرده‌وه، زه‌حمه‌ته پێشبینی ئه‌وه بكه‌ی ڤایرۆسه‌كه چۆن گه‌شه ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌زانین و لێی دڵنیاین، كه ڤایرۆسه‌كه له داهاتوو زیاتر گه‌شه ده‌كات به‌راورد به ئێستا، به‌ڵام نازانین ئاستی كوشنده‌ییه‌كه‌ی بۆ نه‌خۆشان تا چه‌نده.
به گوێره‌ی راپۆرتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له سه‌ره‌تای درووستبوونیه‌وه تا هه‌ینی (3ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له سه‌رتاسه‌ری جیهان گه‌یشتووه‌ته 528 ملیۆن و 816 هه‌زار و 317 كه‌س، 6 ملیۆن و 294 هه‌زار و 969 تووشبووی په‌تاكه‌ش گیانیان له ده‌ست داوه.