محەمەد حاجی مەحموود: فرەبازنەیی لە هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارە
"عێراق لە هەڵبژاردنی فرەبازنەیی پەشیمانە"

K24 - هەولێر
سەرۆکی پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە کاتی خۆیدا. داواش دەکات ئەو هەڵەی بەغدا لە هەڵبژاردن کردی، هەرێمی کوردستان دووبارەی نەکاتەوە.
محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەڵبژاردن مافی هەموو هاووڵاتییانە و چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".
گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی یەک بازنەیین لە هەرێمی کوردستان، عێراق خۆی پەشیمانە لە هەڵبژاردنی فرەبازنەیی کە دابەشکرابوو بۆ 83 بازنە و رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بیگۆڕن، فرەبازنەیی لە هەرێمی کوردستان نەک هەر خراپە مەترسیداریشە، چونکە ئەوکات هەردوو هێزی گەورە هەوڵدەدەن لە سنووری یەکتر ئەوەی تر دەنگ نەهێنێ، کە ئەمەش بوو خۆی لە خۆیدا مانای دوو ئیدارەیی".