100 په‌یامی زیلێنسكی له 100 رۆژی شه‌ڕدا
"ئەوان نەیاندەزانی ئێمه چه‌ند نرخی ئازادی ده‌زانین"

K24 - مینیسۆتا:
هەر وه‌ك ڤۆلۆدیمێر زیلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا ده‌ڵێت، سه‌د رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك رووسیا وڵاته‌كه‌یانی داگیركرد، كه‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بوو شتێك بمێنێت به‌ناوی ئۆكرانیا، سه‌ركرده‌كانی جیهانیش ئامۆژگارییان ده‌كرد كه وڵات جێهێڵێت، به‌ڵام ئه‌م 100 لەم رۆژه‌دا 100 لێدوان و وتاری خۆڕاگری پێشكه‌شكردووه.
له دووه‌م رۆژی پرۆسه‌ی داگیركردنی ئۆكرانیادا (25 شوباتی 2022)، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه، ئه‌وه یه‌كه‌مین لێدوانی بوو دوای لێدوانی شه‌وی پێشتری كه لێدوانێكی نائومێدكارانه بوو، به‌ڵام په‌یامه‌كه‌ی 25ی شوبات كه سه‌رۆك وه‌زیران و كۆمه‌ڵێك له وه‌زیر و هاوڕێكانی له پشتییه‌وه وه‌ستاون، به‌ناو شه‌قامه چۆڵه‌كانی كێڤ-دا ده‌ڕۆن و مژده‌ی ئه‌وه به گوێی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌دات كه هه‌ر ئۆكرانیا سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وكات وتی: "سه‌رۆك لێره‌یه، هێزه چه‌كداره‌كانی ئۆكرانیا لێره‌ن، له‌هه‌مووی گرنگتر گه‌لی ئۆكرانیا لێره‌یه".

بۆیه له دواهه‌مین په‌یامی ڤیدیۆی رۆژی 3ی حوزه‌یران (یۆنیوی 2022) له 100مین رۆژی شه‌ڕدا، په‌یامێكی ڤیدیۆی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا په‌یامی خۆڕاگری بوو دوای 100 رۆژ له لهشكركێی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی و گوتی: "سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئۆكرانیا ده‌بێت".
په‌یامه‌كه‌ی 100مین رۆژی شه‌ڕ وه‌ك هه‌مان په‌یامی رۆژی یه‌كه‌می شه‌ڕ بوو له هه‌مان شوێن و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشوو، هه‌مان درووشم و هه‌مان په‌یام، ته‌نیا جلوبه‌رگه‌كانیان جیاوازه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به رووسیا بڵێت: "ئێمه هه‌ر لێره‌ین".

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له راپۆرتێكدا دوێنی 4ی حوزه‌یران ده‌رباره‌ی 100 مین رۆژی شه‌ڕ نووسیویه‌تی: "شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا گه‌یشتۆته 100 رۆژ، ئێستا له قۆناغی بێ هیوایدایه بۆ زۆرێك له سه‌ربازه‌كانی ئۆكرانیا چونكه له ناوچه‌كانی پێشه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیادا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تۆپخانه‌كانی رووسیادا ده‌ناڵێنن كه بێ جیاوازی دڕندهییهكهی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی دێنێته‌وه یاد".
زۆرێك له میدیا جیهانیەکان، پاش 100 رۆژ شه‌ڕكردن، سەرنجێکی تایبه‌تیان خسته سه‌ر وتاره‌كه‌ی زیلێنسكی، زه نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "پێداگری ئازایه‌تییه‌كه‌ی زیلێنسکی له 100مین رۆژدا به‌شێكی له‌وه‌وه زیاتر سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنی پێدانی چه‌كی قورس و دوورمه‌ودایان پێداوه".

له‌كاتێكدا 7 ملیۆن ئۆكرانی ئاواره‌ی وڵاتان بوون و زۆرێك گومانیان له مانه‌وه‌ی زێلێنسكی ده‌كرد له پایته‌خت، كه‌چی ئەو پایته‌خت به‌جێناهێڵێت و رۆژانه په‌یامێكی هه‌یه.
زیلێنسکی زۆربه‌ی جار به سڵاوێكی گه‌شاوه له ئۆكرانییه‌كان ده‌ستپێده‌كات، بۆ نموونه ده‌ڵێت: "گه‌لێكی ئازاد له وڵاتێكی ئازا"،"گه‌لی نه‌دۆڕاوی وڵاته مه‌زنه‌كه‌مان"، هه‌میشه‌ش به‌م رسته‌یه كۆتایی به په‌یامه‌كانی دێنێت: "شكۆمه‌ندی بۆ ئۆكرانیا".
دره‌نگانی شه‌وی مانگی نیسان له 50مین رۆژی شه‌ڕدا، زیلێنسکی وتی: "ئه‌وان ئێمه‌یان نه‌ده‌ناسی، نه‌یانده‌زانی ئۆكرانییه‌كان چه‌ند ئازاین، ئێمه چه‌ند نرخی ئازادی ده‌زانین".
ئێستا رووسیا 20%ی خاكی ئۆكرانیای له باشوور خۆرهه‌ڵات داگیر كردووه، كه پێش 24ـی شوبات ته‌نیا 7%ی داگیركردبوو.
زیلێنسکی پێشتر ده‌یتوانی ته‌نیا وه‌سفی خۆی بكات، كه‌س به بیریدا نه‌ده‌هات پیاوێكی ته‌مه‌ن 44 ساڵ چۆن وه‌ڵامی له‌شكركێشی رووسیا ده‌داته‌وه كه له جیهانی كات به‌سه‌ربردنه‌وه هاته دنیای سه‌رۆكایه‌تی كۆمار.
زیلێنسکی له چه‌ند رۆژی رابردوودا گوتی: "رۆژانه 100 سه‌ربازی وهڵاتهكهی ده‌بنه قوربانی".
كه‌واته به‌پێی زێلێنسكی نزیكه‌ی 10 هه‌زار سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی 100 رۆژی جه‌نگدا كوژراوه.
میدیای ئۆکرانی و سوپای ئۆكرانیا مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن 30 هه‌زار سه‌ربازی رووسیا كوژران، به‌ڵام به‌رپرسانی رووسیا ئه‌و ژماره‌یان پشتڕاستنهكردۆتهوه و هیچ ناڵێن ده‌رباره‌ی قوربانیانی جه‌نگ.
ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس له راپۆرتێكدا وه‌سفی حاڵه‌ته‌كانی رووخساری ئه‌و سه‌رۆكه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ده‌نگی وه‌ك ئه‌كته‌رێكی راهێنراو ده‌توانێت ئارامكه‌ره‌وه به مێشك ببه‌خشێت به ده‌روون، راسته‌وخۆ سه‌یری كامێراكه ده‌كات، یان كاتێك له تووڕه‌یدا نقوم ده‌بێت، ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه باسی دڕنده‌یی رووسیا ده‌كات و پێداگری له‌وه ده‌كان به‌رپرسانی جه‌نگ سزادهرێن".
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی رۆژ و هه‌فته‌كان، دوای 100 رۆژ له جه‌نگ، دیسانه‌وه به تیشێرتێكی سه‌وزی ساده یان چاكه‌تێكی ره‌نگ سه‌ربازییه‌وه وه‌ك هه‌موو جارێكی پێشوو ده‌ركه‌وته‌وه و ته‌واو رووخساری گه‌نجێتی له‌ده‌ستداوه.
ئه‌و تاكه كه‌ناڵ كه به‌ده‌ستییه‌وه‌یه‌تی، بۆ په‌یوه‌ندیكردن و گه‌یاندنی په‌یامه‌كانی ته‌نیا لینكێكی ڤیدیۆییه، بۆیه رۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمز له دوای 100 رۆژ شه‌ڕكردن، ده‌رباره‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا ده‌نووسێت: "پهیوهندیكارێكی به‌توانا و ماندوونه‌ناس و لێهاتووه، به‌زمانێكی ساده‌ی ئینگلیزی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و به‌رپرس و سه‌رۆكی وڵاتان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و ئه‌وورپا و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و زۆربه‌ی دنیا قسه‌ی كردووه".
ئه‌و دانی به‌وه‌دا ناوه كه رۆژانه 100 سه‌ربازی ده‌بێته قوربانی، زیلێنسکی تا ئه‌مساته سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووه له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رخودانێكی به‌هێزی چاوهڕواننهكراوهدا، هه‌موو شه‌وێك به ناونیشانێكی ڤیدیۆییه‌وه، له سۆشیال میدیا، خه‌ڵكی ئۆكرانیا بۆ شه‌ڕه‌كه كۆده‌كاته‌وه، ئه‌و تا ئێستا سه‌د كه‌سی هه‌بووه بۆ هه‌ر رۆژێكی جه‌نگه‌كه.