پرۆژەیەکى جیهانى بۆ رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی سەگی بێلانە جێبەجێدەکرێت
"پڕۆژەیەکى جیهانیە"

K24 - هەولێر:
پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات، پرۆژەیەکى جیهانى بۆ کۆنترۆڵکردنى زیادبوونى سەگی بێلانە جێبەجێدەکرێت.
پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، ئەمڕۆ (دووشەممە 6ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022)، بەمەبەستى چۆنیەتى چارەسەرکردنى دیاردەى بڵاوبوونەوەى سەگى بێلانە كۆبوونه‌وه‌یه‌ك لەگەڵ نوێنەرانى سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی لەدایک بوونی ئاژەڵ (MAYHEW)ى بەریتانى به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه، گفتوگۆ لەبارەى پرۆژەى بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان لەپێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان کرا، کە پڕۆژەیەکى جیهانیە و لەچەندین وڵات جێبەجێکراوە و ئه‌نجامى زۆرى هەبووە.
پارێزگای هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەمنزیکانە لەلایەن سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی لەدایک بوونی ئاژەڵ (MAYHEW)ى بەریتانى بەهاوکارى پارێزگاى هەولێر پڕۆژەکە لە هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.