"كۆمپانیاكانی عێراق لە بواری كارەبا روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن"
"وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم ئامادەیی بۆ بەکارهێنانی ئامێر و کەره‌ستە کارەباییەکانی عێراق لە پرۆژەکان دەربڕی"

K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، كۆمپانیاكانی عێراق لە بواری پیشەسازیی كارەبا روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، کەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری کارەبا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق و بەرپرسانی شەش کۆمپانیای گەورەی بواری پیشەسازی کۆبووەوە.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا هاتووه، وەزیری کارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامادەیی وەزارەتی بۆ پێشوازیکردن لە بەرهەمی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی عێراق لە پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا پیشاندا.
وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، کۆمپانیاکانی عێراقی، گۆڕەری بچووک، ستوونی کارەبا، کێبل، پەیوەندییەکان، سیستمی ئەلیکترۆنی و گلۆپ بەرهەم ده‌هێنن.
وەزیری کارەبا، پرۆژەکانی کارەبا و پێداویستییەکانی خستەڕوو و ئامادەیی وەزارەتیشی بۆ بەکارهێنانی ئامێر و کەره‌ستە کارەباییەکانی عێراق لە پرۆژەکان دەربڕی.