رووسیا له پێدانی مووشهكی دوورمهودا هۆشداری دهداته ئهمهریكا و بهریتانیا
"تا سیستمی مووشەکی دوورمەودای زیاتر بە ئۆکرانیا بدرێت، گوشاری زیاتر دەخەینە سەر نازییەکان لەو ناوچانەی هەڕەشهن بۆ سهر رووسیا"
K24- ههولێر:
رووسیا جارێکی دیکە هۆشداریی دایه ئەمهریکا و بەریتانیا و جهختی كردهوه، ئەگەر سیستمی مووشەکی دوورمەودا بە ئۆکرانیا بدرێت، هێرشەکانیان فراوانتر دەکەن و ناوچەی زیاتر لە ئۆکرانیا دەگرن.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکدا کە لەرێگەی ڤیدیۆ لینکەوە بەرێوەچوو، گوتی: ئۆکرانیا ئامادە نییە دانوستان بکات و دەیەوێت خواستی ئەنگلۆ ساکسن و رۆژئاواییەکان بەدێبهێنێت.
له درێژهی گوتهكانیدا وهزیری دهرهوهی رووسیا دووپاتیكردهوه، "رۆژئاوا بڕیاریداوە چەکێك بداتە ئۆکرانیا، نەك تەنیا دەگاتە سنوورەکانمان، بەڵکو دەتوانێت قووڵایی خاکی رووسیای فێدراڵ بکاتە ئامانج".
لاڤرۆڤ رووی قسهكانی له ئهمهریكا و وڵاتانی رۆژئاوا كرد و گوتی: "ئەگەر پشتتان بەو بەڵێنە بەستووە، کە سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئێوەی داوە و دەڵێ: خاکی رووسیا ناکاتە ئامانج، ئەوا سیاسیەکان و بەرپرسانی ئۆکرانی بە ئەمهریکیەکان پێدەکەنن، کاتێك پێیانوایە زێلێنسکی بەڵینیداوە، رووسیا لەرێگەی ئەو مووشەکانەوە نەکاتە ئامانج".
وهزیری دهرهوهی رووسیا ئاماژهی بهوهشدا، "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە، هەتاوەکو سیستمی مووشەکی دوورمەودای زیاتر بە ئۆکرانیا بدرێت، ئێمە زیاتر گوشار دەخەینە سەر نازییەکان لەو ناوچانەی هەڕەشە لە رووسیا فیدراڵ دەکرێت".
دووپاتیشیكردهوه، "سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە، تاکە چارەسەر ئەوەیە گوشار لە زێلێنسکی بکرێت ئەو مینانەی لە دەریای رەش چاندوویهتی، هەڵگرێتەوە. ئۆکرانیا ئامادە نیە دانوستانە بکات ئەگەر دانوستان رەت بکاتەوە، ئەوه دەگەێنێت، كه دەیەوێت خواستی ئەنگلۆ ساکسن و سەرکردایەتی روژئاوا جێبەجێ بکات".
H.B