شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه
له‌سه‌ر ده‌نگنه‌دان به هه‌ندێك بڕگه و مادده‌ی ناو پڕۆژه پێشنیازی یاسای ئاسایشی خۆراك هاوهه‌ڵوێست بوون

K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له‌باره‌ی یاسای ئاسایشی خۆراك و داخستنی رێگه‌كان له‌به‌رده‌م گه‌نده‌ڵكاران كرایه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی میدیایی دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه له نووسینگه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چوو، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر ده‌نگ نه‌دان به هه‌ندێك بڕگه‌ی ناو یاسای ئاسایشی خۆراك یه‌كهه‌ڵوێست و هاوڕابوون، به‌تایبه‌ت ئه‌و مادده و بڕگانه‌ی گومانی گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ره و له ئه‌وله‌ویاته‌كان دوورن.
دووپاتیشكرایه‌وه، پێویسته پڕۆژه پێشنیازی یاسای ئاسایشی خۆراك ده‌سته‌به‌ری خزمه‌تگوزارییه بنچینه‌ییه‌كان و فۆڕمی خۆراك له‌خۆ بگرێت و گرێبه‌ست و كرێی رۆژانه و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی وانه‌بێژانی خۆبه‌خش تێیدا جێگیر بكرێت و شایسته‌ی جوتیاران و پشتیوانی ه چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی مسۆگه‌ر بكات.
د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا و سه‌رۆك فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی پڕۆژه‌یاساكه كرده‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێداویستی هاووڵاتیان له‌و دۆخه سه‌خته‌دا تێر بكات و پشتیوانی له هه‌ژاران و زیانپێگه‌یشتووانی ته‌واوی گه‌ل بكات، هه‌روه‌ها نابێت ئه‌و یاسایه له‌ڕووی سیاسییه‌وه به ده‌رفه‌ت بزانرێت و پێویسته رێگه له‌به‌رده‌م گه‌نده‌ڵكاران و هه‌موو ئه‌وانه دابخات، كه سامانی گشتی به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن.
H.B