ئەمه‌ریکا: په‌یوەندیمان لەگەڵ هه‌رێمی کوردستان درێژخایەنە

"ئەوەی سەرنجی ئه‌مه‌ریكا و خه‌ڵكه‌كه‌ی راکێشاوە، ئەو پێکەوە ژیانەیە، کە بووه‌تە شوناسی هەرێمی کوردستان"

ئاڵای كوردستان و ئاڵای ئه‌مه‌ریكا.. ئه‌رشیڤ
ئاڵای كوردستان و ئاڵای ئه‌مه‌ریكا.. ئه‌رشیڤ

K24 - ئه‌مه‌ریكا:

''ئەنستیتوتی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك''، له‌ پانێلێکدا کە تێیدا "جێنیفەر گاڤیتۆ"، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، بۆ کاروباری ئێران و عێراق، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە وردی په‌یوەندییەکانی نێوان واشنتن و هەولێر تاووتوێ كرد و باسیان پێگەی هەرێمی کوردستان کردووه‌.

لە دیدارەكه‌، كه‌ رۆژی دووشەممە (6ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) به‌ڕێوه‌چوو، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە دەربارەی دیرۆکی پێوەندییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند، ''ئێمە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کارمان کردوە، ئەو په‌یوەندیانە گەشەی کردووە، ئەمەش بووه‌تە پێکەوە کارکردنێکی هاوسەنگ. پشتیوانییەکانیشمان لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا، نیشانی دەدات، پێکەوەکارکردنمان بابەتێکی تەکتیکی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ستراتیژ و درێژخایە."

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە چۆنیەتی هاوپەیمانی کوردستان و ئەمه‌ریکا و دۆخی هه‌رێمی کوردستان گوتی: ''ئێمە پێکەوە شەڕی تیرۆرمان کرد، بەتایبەتی رووبەڕووی داعش بووینەوە. وێکرا ئابوورییەکی فرە سەرچاوەمان لە هەرێمی کوردستان خوڵقاندوە؛ شانبەشان بۆ پاراستنی سامانی کولتووری تێکۆشاوین، لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکاندا کارمان کردوە. كاتێکی ئاسان نەبووە بۆ هەرێمی کوردستان، پێمانوایە باشترین رێگه‌ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گەلی کورد لە بەغدا، بریتیە لە یەکریزی و هاوهەڵوێستی کورد، ئێمە لە وردەکاری پێکهێنانی حکومەتدا دەستێوەردان ناکەین و بەشدار نابینن، بەڵام روون و ئاشکرایە، بۆ گەلی کورد باشترینمان دەوێت".

گاڤیتۆ لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی پێگەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەو نەخشاندنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی بنەڕەتییە، ئەوەی سەرنجی دەسەڵات و خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکای لەماوەی چەند دەییەی رابردوودا بۆ هەرێمی کوردستان راکێشاوە، ئەو پێکەوە ژیانەیە، کە بووه‌تە شوناسی هەرێمی کوردستان و پێویستە درێژەی هەبێت".

جێنیفەر گاڤیتۆ، لە دووتووێی قسەکانیدا، بە بایەخەوە هەلومەرجی شنگال دیدی ئەمه‌ریکای دووپاتکردەوە، ''بە لای ئێمەوە گرنگە رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ جێبەجێ بکرێ و بارودۆخەکە لە شنگال ئاسایی بکرێتەوە''.

لەو کۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە روانگە و بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کرد، بە بایەخەوە لەسەر درێژەی پرۆسەی چاکسازی لە کوردستان و پێوسیتی هاوکاری و پشتیوانی هەمە لایەنە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاونانی پتر بەرەوپێشەوە پێداگری کردەوە.