ئه‌مه‌ریكا: له پلانی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی قووڵ ده‌كه‌ین
هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له باكووری سووریا ئیدانه ده‌كه‌ین، كه هێڵه‌كانی ئاگربه‌ست له‌و ناوچانه ببه‌زێنێت

K24- هه‌ولێر:
نێد برایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جارێكی دیكه جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا له‌باره‌ی فراوانكردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی له باكووری سووریا "رۆژئاوای كوردستان" ده‌ربڕی و هیچ كۆمێنتێكیشی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" نه‌دا، كه نیازی خۆی بۆ په‌نابردنه به‌ر هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا راگه‌یاندووه.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نێد برایس گوتی: "ئێمه جه‌ختمان كردووه‌ته‌وه، له‌وه‌ی هێشتا هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی قووڵ ده‌كه‌ین له‌باره‌ی چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی توركیا، كه ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنیان له باكووری سووریا هه‌یه، به‌تایبه‌ت كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه بانگه‌وازی خۆمان بۆ به‌رده‌وامیدان به پلانی ئاگربه‌ست گه‌یاندووه و هه‌ر گرژییه‌كی ئه‌منیش ئیدانه ده‌كه‌ین، كه هێڵی ئه‌و ئاگربه‌سته ببه‌زێنێت، و زۆر گرنگه هه‌موو لایه‌ك له ناوچه‌كانی ئاگربه‌ست پابه‌ندی ئه‌و هێڵانه بن و رێزی لێ‌بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له سه‌قامگیری له سووریا بكرێت و كار بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ ملاملانێكان بكه‌ن".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیكرده‌وه، "ئێمه پێشتریش خاڵێكمان روونكردووه‌ته‌وه، له‌وه‌ی كه پێویسته توركیا پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بێت، كه له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2019 داویه‌تی، له‌وانه‌ش: پابه‌ندبوون به وه‌ستاندنی كرده‌ی هێرشبردن له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ر گرژییه‌كی نوێ كه هێڵه‌كانی ئاگربه‌ست ببه‌زێنێت، نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌وڵه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئێمه ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داهش و هه‌وڵی به‌رهه‌ڵستكارانی داعش، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری سیاسی له ناوخۆی سووریاش ده‌كات".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به رۆیته‌رزی راگه‌یاند، هاوپه‌یمانی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆ سه‌ر باكووری وڵاته‌كه‌یان ببنه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته دیمه‌شق سیسته‌می دژه فڕین له دژی فڕۆكه‌كانی توركیا به‌كاربهێنێت.
له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نقه‌ره به‌ڵێنیداوه، كرده‌یه‌كی سه‌ربازی به قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌و ناوچانه‌ی باكووری سووریا ئه‌نجام بدات، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده"ـدان.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ هه‌سه‌ده دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی سه‌ركرده‌كانی، گوتی: "كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و پابه‌ندبوون به رێككه‌وتنه‌كان ده‌خه‌نه پێشینه‌ی كاره‌كانیان"، دووپاتیشیكرده‌وه، "هێزه‌كانی ئاماده‌ن بۆ پارێزگاریكردن له ناوچه‌كه و دانیشتووانی له هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراو" و جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئاماده‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنان بۆ جه‌نگێكی درێژمه‌ودا" و گوتیشی: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاماده‌ن هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوپای حكومه‌تی سووریا بكه‌ن".
H.B