په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ به پڕۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراك ده‌دات

K24- هه‌ولێر:
په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان به پڕۆژه یاسای پشتیوانی به‌په‌له‌ی ئاسایشی خۆراك كۆبووه‌وه په‌یامنێری كوردستان24 له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژه یاسایه دووپاتیكرده‌وه، به‌و پێیه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی بچووك سه‌یر ده‌كرا، بۆیه هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو په‌رله‌مان چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو، كه هیچ لایه‌نێك له‌و بڕه پاره‌یه بێبه‌ش نه‌بێت، كه له‌نا پڕۆژه یاساكه‌دا خه‌مڵێنراوه و نزیكه‌ی 25 ترلیۆن دیناره، كه دواجار هه‌ندێك ناكۆكیی به‌دوای خۆیدا هێنابوو و جگه له كوتله‌ی سه‌در، ته‌واوی فراكسیۆنه‌كانی كیدكه گومانیان له‌سه‌ر بڕگه و مادده‌كانی ئه‌و پڕۆژه یاسایه هه‌بوو.
هه‌روه‌ها گوتی: وێڕای ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت و له‌ناو كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌شدا ته‌نها یه‌ك بڕگه هه‌بوو، ئه‌ویش ده‌نگدان بوو به‌و پڕۆژه‌یاسایه، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نه‌توانرا كۆبوونه‌وه‌كه له‌كاتی دیاریكراودا به‌ڕێوه‌یچێت، ئێستاش تا راده‌یه‌ك لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه‌كان هاتووه‌ته ئاراوه، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك خاڵی نه‌رێنی بۆ هه‌رێمی كوردستانی تێدا بوو و باس له‌وه ده‌كرا، له‌و پڕۆژه یاسایه‌دا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان نه‌كرابوو، بۆیه وا سه‌یر كرا، كه ئه‌مه ده‌ستپێكێكی مه‌ترسیدار بێت بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، كه دژ به هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌به‌ر.
په‌یامنێری كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دواجار ئه‌و كۆده‌نگییه‌ی له نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان دروستبوو و بووه هۆی دروستبوونی كۆده‌نگی له نێوان لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش، ئه‌وه‌ی به‌دوادا هات كه ته‌واوی لایه‌نه‌كان دژی ئه‌وه بوه‌ستنه‌وه، كه ناكرێت هه‌رێمی كوردستان له كۆی ئه‌و 25 ترلیۆن دیناره بێبه‌ش بكرێت، كه له پڕۆژه‌یاساكه‌دا خه‌مڵێنراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش توانییان له‌ڕێگه‌ی چه‌ند میكانیزمێكه‌وه ده‌ستكاری ئه‌و ده مادده‌یه بكه‌ن، كه له ره‌شنووسی پڕۆژه یاسای ئاسایشی خۆراكدا هه‌یه، تاوه‌كو بڕێك له پاره‌ی خه‌مڵێنراو بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكرێت، به‌تایبه‌ت بۆ بواری كشتوكاڵ و پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه، كه بڕی نزیكه‌ی 150 ملیار دیناریان بۆ ته‌رخان كراوه و پرسه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك كڕینی ده‌رمان و كه‌رتی وه‌به‌رهێنان و ئه‌وانی دیكه.
شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 گوتیشی: له دانیشتنی ئه‌م ئێواره‌یه‌دا زیاتر له نیوه‌ی په‌رله‌مانتاران ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ن، به‌مه‌ش رێژه‌ی یاسایی ته‌واو بووه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت پڕۆژه یاساكه بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
H.B