ببینه چه‌كداریی چی به ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات!

K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، رۆژانی (3-5)ی حوزه‌یران، ته‌نیا له‌ماوه‌ی 3 رۆژدا، به‌رپرسانی ئه‌منی 9 ویلایه‌تی جیاجیا له رێگه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه وتوویانه: "ئه‌مڕۆ رۆژێكی ڕه‌شه له ویلایه‌ته‌كه‌مان"، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و چه‌كدارییه‌ی كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له مێژه خۆیان له‌گه‌ڵی راهێناوه و هه‌ر خۆیانیش به‌رده‌وام قوربانی ده‌ستگه‌یشن به تفه‌نگن و ژیانی چه‌كدارین.
له‌ماوه‌ی ته‌نیا 3 رۆژی كۆتایی هه‌فته‌ی پێشوو (3ی حوزه‌یران بۆ 5ی حوزه‌یران)، 11 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵ روویداوه له 9 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كه تێكڕا 17 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 62 كه‌سیش بریندار بوون، له‌كاتێكدا به‌شێك له خه‌ڵكی چه‌ند شارێكی دیكه سه‌رقاڵی گێڕانی ماته‌م بوون بۆ خۆشه‌ویسته‌كانیان كه به‌هۆی ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵه‌وه له مانگی رابردوو، له ویلایه‌ته‌كانی بۆفاڵۆ، ئۆڤالده و تێكساس، روویاندا.
دواهه‌مین رووداوی ته‌قه‌كردن له‌هه‌فته‌ی پێشوو، رۆژی 5ی حوزه‌یران بوو، به‌پێی راپۆرتێكی ئێن پی ئار، له شاری چاتانۆگا-ی ویلایه‌تی تێنسی سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی (5ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) پۆلیسی شاره‌كه به‌رپه‌رچی ته‌قه‌كه‌رێكی داوه‌ته‌وه له نزیك یانه‌یه‌كی شه‌وانه كه سێ كه‌س له رووداوه‌كه‌دا كوژراون و 14 كه‌سیش بریندار بوون.
ئه‌ی بی سی نیوز له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی كه ته‌نیا له رۆژی 4ی حوزه‌یران، 9 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردنی به كۆمه‌ڵ روویانداوه له 6 ویلایه‌تی جیاواز به‌مشێوه‌ی خواره‌وه:

-شاری مه‌یكن (ویلایه‌تی جۆرجیا)، 1 كوژراو و 3 بریندار.
-شاری هه‌مپستێد (نیویۆرك)، 1 كوژراو و 3 بریندار.
-شاری سومیرتۆن (ویلایه‌تی ساوس كارۆلاینا)، 1 كوژراو و 7 بریندار.
-شاری ساگینۆ (ویلایه‌تی میشگان)، 3 كوژراو و 2بریندار.
-شاری گراند راپێتس (ویلایه‌تی میشگان)، 1 كوژراو و 3 بریندار.
-شاری سۆكۆرۆ (ویلایه‌تی تێكساس)، 5 بریندار.
-شاری مێسا (ویلایه‌تی ئاریزۆنا)، 2 كوژراو 2 بریندار.
شاری فۆنێكس (ویلایه‌تی ئاریزۆنا)، 1 كوژرا و 8 بریندار.
-شاری فلادلفیا (پنسلڤانیا) 3 كوژراو و 11 بریندار.
هه‌رچی رووداوی ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵی رۆژی 3ی حوزه‌یران بوو، له شاری چه‌سته‌رفێڵد (ویلایه‌تی )، 1 كوژراو سێ برینداری لێكه‌وته‌وه.

به‌پێی ئه‌رشیفی توندوتیژی به تفه‌نگ، دوای تێپه‌ڕبوونی 156 رۆژ به‌سه‌ر ساڵی 2022، لانی كه‌م 246 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵ له‌ئه‌مه‌ریكا روویانداوه، ئه‌مه‌ش ئه‌مه‌ریكای خستووه‌ته سه‌ر رێڕه‌وی یه‌كێك له كوشنده‌ترین ساڵه‌كانی ته‌قه‌كردن به كۆمه‌ڵ له‌وه‌ته‌ی كه كۆمه‌ڵه‌كه ده‌ستی به ئه‌رشیف و تۆمار و به‌دواداچوونی ته‌قه‌كردنه به كۆمه‌ڵه‌كان كردووه.
ئه‌رشیفی توندوتیژی به تفه‌نگ، ئاماری ساڵی 2021 ی به 693 ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵ كۆتایی پێهێنا، به له‌به‌رچاوگرتنی ساڵی 2020 ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان زۆر زیاتره، چونكه 2020 ته‌نیا 611 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردنی به كۆمه‌ڵ هه‌بووه كه ره‌نگه داخستنی بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان به‌هۆی كۆرۆناوه كاریگه‌ری هه‌بووبێت، به‌ڵام ساڵی 2019 ئه‌م ژماره‌یه زۆر كه‌متر بووه، ته‌نیا 214 حاڵه‌ت هه‌بووه.
به‌پێی ئه‌رشیفی توندوتیژی به تفه‌نگ، ناخۆشترین و كاره‌ساتاویترین رووداوی ته‌قه‌كردنی به كۆمه‌ڵ، رووداوی رۆژی 24ی ئایار بوو كه له قوتابخانه‌ی رۆب-ی بنه‌ڕه‌تی شارۆچكه‌ی یۆڤاڵد-ی تێكساس، سه‌لڤادۆر رامۆس ته‌مه‌ن 18 ساڵ، چووه ناو بینای قوتابخانه‌كه و 21 كه‌سی كوشت كه 19 یان منداڵ و گه‌نج بوون.
ماڵپه‌ڕی هه‌فته‌ی په‌روه‌رده له ساڵی 2018ـه‌وه تۆماری رووداوی ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵی قوتابخانه‌كان ده‌كات، به‌پێی داتا تۆماركراوه‌كانی ماڵپه‌ڕه‌كه له‌و كاته‌وه تا ئێستا 119 رووداوی ته‌قه‌كردنی له‌و جۆره‌ی قوتابخانه‌ی (رۆب) رویانداوه، به‌پێی ماڵپه‌ڕی ئێن پی ئار له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2022ـه‌وه تا ئێستا 27 حاڵه‌تی ته‌قكردنی به‌كۆمه‌ڵ هه‌بوو ته‌نیا له قوتابخانه‌كاندا هه‌بووه، ساڵی پار (2021) ژماره‌كه زیاتره، 34 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن هه‌بووه، كه‌چی هه‌موو ساڵی 2020 ته‌نیا 10 حاڵه‌ت هه‌بووه.
توێژه‌رانی ده‌روونی ئه‌و قسه‌یه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، كه ته‌قه‌كه‌ره‌كان به‌و كه‌سانه ده‌شوبهێنرێت كه نه‌خۆشی ده‌روونی-یان هه‌یه له پێناو به‌رده‌وامبوونی بره‌ودان به هه‌ڵگرتنی چه‌ك و بازاڕ په‌یداكردنی چه‌ك.
ئه‌وان پێیانوایه ئه‌مه‌ریكا تاكه وڵات نییه‌كه نه‌خۆشی ده‌روونی و توندوتیژی خێزانی و ئایدیۆلۆژی تێدا بێت، به‌ڵكو زۆر وڵاتی دیكه‌ش هه‌ن به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام رێژه‌ی كوشتن به چه‌ك 26 هێنده‌ی وڵاتانی دیكه زیاتره، ماڵپه‌ڕی ئێڤری تاون ریسێرچ له‌پێشه‌كی توێژینه‌وه‌كدا نووسیویه‌تی: "ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی كه یاسای ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك تێیاندا لاوازه، رێژه‌ی خاوه‌ندارێتی تفه‌نگ هه‌ڵگرتن زیاتره و ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵ رێژه‌ی به‌رزه".