ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی: كه‌ناڵی ئێمه هی هه‌مووانه و نامانه‌وێت ببێته كه‌ناڵی شه‌ڕه ده‌نووك

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی نوێی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی" كوردستان24، له باره‌ی گوتاری میدیایی و په‌یامی دامه‌زراوه‌كه‌وه زانیاری نوێی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه بینه‌ر و وه‌رگران له‌گه‌ڵ په‌یامی میدیایی ئاشت بكه‌ینه‌وه و متمانه‌یان بۆ درووست بكه‌ین. گوتیشی: كوردستان24 شاشه‌ی هه‌موو ره‌نگ و ده‌نگێكه، ته‌نیا هی یه‌ك لایه‌ن نییه، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێت، شاشه‌كه ببێته جێی مشتومڕی توندوتیژانه و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر وه‌رگر و خێزانه‌كان درووست بكرێت.
له سه‌ره‌تای وته‌كانیدا، ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، باسی له قۆناغه‌كانی درووستبوونی مه‌ترسی تیرۆر له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی: له 2003ه‌وه تا ئێستا، هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری له‌سه‌ر درووست بووه. له 2003ه‌وه تا 2010 له لایه‌ن گرووپه‌كانی قاعیده و نه‌یارانی ئه‌مه‌ریكا، زۆر جار ئه‌و گرووپانه هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ته ئامانج. دوای ئه‌وه مۆدیلی به ئامانجگرتنی كوردستان درووست بووه، گرووپه‌كان جۆراوجۆرن، به‌ڵام ئامانجیان لاوازكردنی كوردستان بووه. دوای 2014ه‌وه هه‌ڕه‌شه و شه‌ڕی راسته‌وخۆی داعش سه‌ریهه‌ڵدا. دوای داعش ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپ و میلیشیاكانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی هاتووه‌ته ئاراوه، كه به رۆكێت و مووشه‌كی سكۆد و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ده‌كرێن و ئامانجیان لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستانه.
گوتیشی: ئه‌و په‌لامارانه‌ی ئه‌م دواییانه گرێدراوی كێشه سیاسییه‌كانه، له هه‌ڵبژاردندا ئه‌و هێزانه شكستیان هێنا، هاوپه‌یمانی سێقۆڵی پارتی و سوننه و ره‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانی هه‌ماهه‌نگی درووست بووه، كه ئه‌مه‌یان نزیكی ئێرانه. هیچ كام له لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانیوه حكومه‌تی نوێ پێكبهێنن و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی لاوازبوونی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و گرووپانه ده‌ستیان به درووستكردنی مه‌ترسی كردووه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی پارتی بكشێته‌وه له هاوپه‌یمانییه‌كه و ئه‌و هاوپه‌یمانییه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، میدیای خۆیان هه‌یه و ئه‌و گوتاره بڵاوده‌كه‌نه‌وه، گوایه مۆساد له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و پڕوپاگه‌نده بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
له باره‌ی میدیای كوردیشه‌وه، ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، رایگه‌یاند، كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه، میدیای كوردیی گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌وان وه‌رده‌گرن، هه‌ر جارێك ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه خاڵێكی ئیسرائیلیمان به ئامانج گرتووه، میدیای كوردیی ئه‌و قه‌وانه‌ی لێده‌دایه‌وه، له كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم و لیژنه‌ی به‌دواداچوونی راستییه‌كان ده‌ریانخست، كه هیچ بنكه‌یه‌كی مۆساد له هه‌رێمی كوردستان نییه. وه‌رگرتنی گوتاری ئه‌وان ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره.
له باره‌ی په‌یامی میدیای كوردییه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، گوتاری میدیای كوردیی نادرووسته و ده‌بێته هۆی لاوازبوونی متمانه‌ی هاووڵاتیان، له كاتێكدا رۆڵی میدیا پێویسته نه سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بێت و نه سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆن بێت و ئه‌ركی ته‌نیا ئه‌وه‌یه راستیی بگه‌یه‌نێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، له ئه‌مه‌ریكا، كاتێك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به هه‌ندێك پۆست مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه درووست كرد، میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رگایان به روودا داخست.
ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی دووپاتیكرده‌وه، میدیای كوردیی له رووی ژماره‌ییه‌وه فره‌یه، به‌ڵام له رووی چۆنایه‌تییه‌وه هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ناكات و نازانن ئه‌و په‌یامه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه چ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر وه‌رگر درووست ده‌كات.
سه‌باره‌ت به په‌یامی میدیایی كوردستان24 رایگه‌یاند، ئێمه وه‌ك تیمی كوردستان24 ناڵێین ئێمه باشترینین، به‌ڵام ده‌ڵێین ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین گوتارێكی میدیایی ئه‌رێنی و نیشتمانیی بڵاوبكه‌ینه‌وه و متمانه بۆ هاووڵاتیان بگه‌ڕێنینه‌وه.
گوتیشی: زۆر جار میدیای كوردیی بۆ رووداوه‌كانی خۆكوشتن و تاوانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر هه‌ڵه‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه. به شێوه‌یه‌كی گشتیی رووماڵی نادرووستیی هه‌ندێك حاڵه‌ت، ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی حاڵه‌ته‌كان و بوونیان به دیارده.
روونیشیكرده‌وه، ئێمه ده‌مانه‌وێت گوتارێكی جیاواز پێشكه‌ش بكه‌ین و نامانه‌وێت شاشه‌كه ببێته هی یه‌ك لایه‌ن و یه‌ك بیركردنه‌وه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت هه‌موو ره‌نگێك بێته سه‌ر شاشه، به‌ڵام نامانه‌وێت شه‌ڕه ده‌نووكه درووست بێت، چونكه كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌یه. ئه‌و توندییه‌ی له شاشه‌دا په‌خش ده‌كرێت، ده‌چێته ناو خێزانه‌كان، بۆیه ئێمه ده‌مانه‌وێت گفتوگۆ له شاشه‌كه‌وه بكرێت و دیارده‌ی ئه‌رێنی پێشبخه‌ین. كوردستان هه‌مووی ره‌ش نییه و پڕی چیرۆكی سه‌ركه‌وتن و ته‌ندرووسته. ته‌نیا شته نه‌رێنییه‌كان بوونه‌ته مایه‌ی قاره‌مانێتی و ده‌ركه‌وتن، ئه‌مه ده‌بێت بگۆڕین. ده‌بێت سه‌ركه‌وتووه‌كان بكه‌ینه قاره‌مان، ئه‌و بۆیاخچیانه‌ی كار ده‌كه‌ن و خێزانه‌كانیان ده‌ژیه‌نن، ئه‌وانه ده‌بێت بكرێنه قاره‌مان و بزانرێت چه‌ند سه‌ركه‌وتووه، ئه‌و مامۆستایه‌ی 20 ساڵه ده‌وام ده‌كات و غیابی نییه، ئه‌وه قاره‌مانه. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پڕی چیرۆكی سه‌ركه‌وتنه، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و نموونه جوانانه بخه‌ینه سه‌ر شاشه و وه‌ك پاڵه‌وان بیان ناسێنین.
له باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی بینه‌ر بۆ شاشه، به‌ڕێوبه‌ری نوێی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، گوتی: میدیای سه‌ركه‌وتوو، ئه‌وه‌یه كۆنترۆڵی بینه‌ر بكات، نه‌ك بینه‌ر كۆنترۆڵی بكات، پێویسته كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین، كۆنترۆڵ له ده‌ستی بینه‌ر ده‌ربهێنن. تیڤی شوێنی هونه‌ری وێنه‌یه، كه‌چی بووه‌ته شوێنی ئاخاوتن، ئه‌وه رۆڵی رادیۆیه. گرنگه كوردستان24 ئه‌و كێشانه تێپه‌ڕێنێت و ئیراده و پشتیوانیمان هه‌یه ئه‌و ئاسته‌نگانه تێپه‌ڕێنین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، نزیكه‌ی پێنج مانگه هه‌وڵی توێژینه‌وه ده‌ده‌ین و ئێستاش دوو مانگمان ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی ناوخۆی كه‌ناڵه‌كه هه‌ڵسه‌نگێنین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بڕیاری درووست بده‌ین. هیچ كه‌ناڵێك له جیهان نییه، بیر له خۆگۆڕین نه‌كاته‌وه. میدیا بۆ جه‌ماوه‌ره، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر سه‌یری نه‌كات بۆ چیمانه. ئه‌گه‌ر سوپه‌رماركێتێك بكه‌یته‌وه، چه‌ند مانگێك فرۆشی نه‌بێت خاوه‌نه‌كه‌ی دایده‌خات، له میدیاش وایه، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌رمان نه‌بێت، پێویسته خۆمان دایخه‌ین. ئێمه پێویستمان به جه‌ماوه‌رێكی كارایه، كارلێكی له‌گه‌ڵمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بنێین.