هەڕەشەکانی تورکیا دەبێتە مژاری گەرمی ناوەندە سیاسییەکانی رووسیا

شارەزایەکی بواری سەربازی: ئەستەمە تورکیا بتوانن دەستکەوتێکی ئەوتۆ مسۆگەر بکات

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - مۆسکۆ

جارێکی دیکە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەلایەن تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان، بووەتە مژاری گەرمی ناوەندە سیاسیی و میدیاییەکانی رووسیا. توركیا و رووسیا و ئێران، سێ وڵاتی گەرەنتیکەری ئاگربەستن له‌‌ سووریادا، به‌ڵام لەچەند ساڵی رابردوودا ئه‌نقه‌ره‌ چەند جارێک ئاگربه‌سته‌كه‌ی بن پێ خستووە و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی داگیركردووە، ئێستاش ده‌خوازێت ئۆپه‌راسیۆنی هاوشێوه‌ ئه‌نجامبدات.

لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، شارەزا و پسپۆڕان بە وردی سەرنجیان خستووەتە سەر دوایین پێشهاتەکانی سووریا، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەش چەند پێشنیازێک دەخەنە بەردەم بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان.

ڤیکتەر نادین رایڤسکی، سەرۆکی پەیمانگەی توێژینەوەی سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "بە بڕوای من هاوپەیمانی و رێککەوتن لەگەڵ سوپای سووریا خاڵی بنەڕێتییە بۆ کوردەکانی ئەوێ. بەداخەوە چارەنووسی کورد دراماتیکییە، دەمێک پشتیوانییان لێدەکەن دەمێک پشتیان تێدەکەن، هەنوکەش جگە لە هەرێمی کوردستان هیچ قەوارەیەکی دیکەیان نییە. ئینگلیز کاتی خۆی بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆی پێدان دواتر وڵاتانی تریش ئەو بەڵێنەیان دا، بەڵام کەسیان بەڵێنیان نەبردە سەر. بۆیە من دەڵێم کە کوردەکان پێویستە لەگەڵ حکومەتی سووریا و لایەنی رووسی رێکبکەون تا ئاسایش باڵ بەسەر ناوچە کوردییەکانی وڵاتەکەدا بکێشێت".

پەیوەست بەو پرسە ڤلادیمێر ئیڤسێیڤ، شارەزای سەربازیی، دەڵێ: "پێم وایە پەلکێشانی تورکیا مەودای زۆر لەوە کەمترە کە لە رۆژنامەکاندا بازاڕیان پێ گەرم کردووە. پلانەکانی تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ واقیع یەکناگرنەوە، بۆیە زەحمەتە بتوانن دەستکەوتێکی ئەوتۆ مسۆگەر بکات، خواستی تورکیا بۆ دروستکردنی پشتێنەی ئاسایشی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەکاتی ئێستادا مەحاڵە بەدیبێت. رەنگە تورکیا هەندێک گۆڕانکاری لە هێڵی پێشەوەدا بکات، بەڵام چەند پەلامارەکەی بەرفراوان بێت هێندە قوربانی زیاتر دەدات، رەنگە بۆ پڕوپاگەندەی میدیا ئەگەر سەرکەوتنێکی بچووکیش بێت دەستبخات".

چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ خراپبوونی رەوشی نێوخۆی تورکیا، شەڕی دەرەوەی سنوورەکان وەک دەرچەیەک بۆ کەمکردنەوەی فشار بۆ سەر دەستەڵاتی سیاسی ئەردۆغان دەبینێت.

ئەندرێی سیدرۆڤ، راگری کۆلیژی سیاسی و پەیوەندییە نێودەڵەتیەکان لە زانکۆی مۆسکۆ ئاماژە بەوە دەکات: "تورکیا دەتوانێت پەلاماری سوریا وەک کارت دژی ڕووسیا بەکاربھێنێت، چونکە لەوێ بنکەی سەربازی رووسیا ھەیە، بەڵام بۆ رۆژئاوا ھێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا فشارێکی ئەوتۆ دروست ناکات. رووسیا و دیپلۆماتکارەکانی ئەستەمە بە ئاشکرا گڵۆپی سەوز بۆ پەلاماری تورکیا ھەڵبکەن و بەھیج جۆرێک رووسیا پەیوەندییەکانی لەتەک دیمەشق تێکنادات، دیارە تورکیا بەبێ رەزامەندی رووسیا پێشتر پەلاماری سووریای داوەو پێکدادانی سەربازی روویانداوە، بەڵام رووسیا ھیچکات رەزامەندی لەسەر ئەم پەلامارانە دەرنەبڕیوە".

تادێت هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی کردەیەکی سەربازی لە دژی رۆژئاوای کوردستان رژدتر دەبن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، بەنیازە پشتێنەیەکی ئەمنی لەو ناوچەیەدا دروست بکات و ئەگەر هەیە سوپاکەی جارێکی تر هاوشێوەی رابردوو بەشێکی تری رۆژئاوای کوردستان داگیر بکات. ئەگەرچی رووسیا لە میدیاکانەوە هەر کردەیەکی سەربازیی تورکیا لە سووریادا رەتدەکاتەوە، بەڵام داهاتوو رۆشنتر ئەو هه‌ڵوێستەی رووسیا پیشاندەدات.