شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: زۆرینەی تۆمەتبارەكانی كاره‌ساتی سپایكه‌ر و كه‌وتنی موسڵ هێشتا ئازادن

"كاره‌ساتی سپایكه‌ر بووه‌ هۆی سەرنوگمبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل و كۆچپێكردنی ملێۆنەها كه‌س"

كه‌وتنی موسڵ
كه‌وتنی موسڵ

K24 - هه‌ولێر:

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، جێگەی داخە زۆرینەی تۆمەتبارەكانی كاره‌ساتی سپایكه‌ر و رووداوه‌كانی كه‌وتنی موسڵ هێشتا ئازادن.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا، بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر كەوتنی پارێزگای موسڵ و كارەساتی سپایكەر لەسەر دەستی داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 رایگه‌یاند، ئەوەی روویدا لە كارەسات و تاوانی ترسناك دەرهەق بەگەلەكەمان لەچەندین ناوچەی عێراق، بووه‌ هۆی شەهید و برینداربوونی ده‌یان هه‌زار كه‌س.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا هاتووه‌، رووداوه‌كانی موسڵ و كاره‌ساتی سپایكه‌ر بوونه‌ هۆی سەرنوگمبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل و كۆچپێكردنی ملێۆنەها كه‌س.

شاخەوان عەبدوڵڵا لەبەشێكی دیكه‌ی بەیاننامەكەدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەداخەوە زۆرینەی تۆمەتبارەكانی كاره‌ساتی سپایكه‌ر و كه‌وتنی موسڵ بێ لێپرسینەوە و بەسزا گەیاندنیان، هێشتا ئازادن.

هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌،  كاردەكەین بۆ كاراكردنی راسپاردەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی كە لە ساڵی 2014دا دوای رووداوەكانی موسڵ  پێكهات، ئەو دۆسییە هێشتا وەك خۆیەتی و دانەخراوە.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داواشیكرد قەرەبووی خانەوادەی شەهیدان بكرێتەوە، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان پێشكەش بە ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت، زامنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بكرێت.

Fly Erbil Advertisment