رووسیا بەڵێنێک بە هەسەدە دەدات
فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ شاندێکی رووسیا کۆدەبنەوە

K24 - هەولێر
لە رۆژئاوای شاری حەسەکە، سەرکردەکانی رووسیا لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە و رووسیا بەڵێنێکی بە هەسەدە داوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کوردستان24 لە سەرچاوە نافەرمییەکان دەستیکەوتووە "سەرکردەکانی رووسیا لەو کۆبوونەوەیەدا بە هەسەدەیان گوتووە: خۆڕاگربن، بۆ گەراندنەوەی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کە دوو ساڵ لەمەوبەر کەوتوونەتە ژێر دەستی تورکیا ئێمە هاوکار و پاڵپشیتان دەکەین.
لەو کۆبوونەوەیەدا هەسەدە داوای لە رووسیا کردووە، رێگە نەدات تورکیا لە ئاسمانەوە هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.
تورکیا هەوڵدەدات سوود لە ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا وەرگرێت، کە ئێستا رووسیا لەگەڵ ئەو وڵاتە لە جەنگدایە، دەیەوێت رووسیا رازی بکات رێگر نەبێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی 8/6/2022، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆشکی کۆماری تورکیا کۆبوونەوە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە گفتوگۆکاندا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، پشتیوانی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەرنەبڕی و جەختیکردەوە پێویستە ئەنجامی رێککەوتنی سۆچی جێبەجێ بکرێت.
هاوکات لەگەڵ سەردانی لاڤرۆڤ بۆ تورکیا لە 8ی ئەم مانگە مەزڵوم عەبدێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە بارەگای هێزەکەی لە حەسەکە لەگەڵ شاندێکی کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئۆپەراسیۆنە تورکیا کردووە.
چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی بۆ کوردستان24، ئاماژەیان بەوەدا لە کۆبوونەوەکەدا هەسەدە داوای پاراستنی ئاسمانی لە رووسیا کردووە و رووسیاش داوای لێکردون خۆڕاگربن، پاڵپشتی هەسەدە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون.
لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیانە و بانگەشەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا له میانهی دیدارێكدا لهگهڵ كهناڵی "روسیا الیوم" گوتی: كورد به درێژایی مێژوو له سووریا ژیاون، بهڵام ههندێكیان وهك بهكرێگیراو كاردهكهن.
سهرۆكی سووریا، راشیگەیاند: زۆربهی خهڵكی رۆژههڵاتی سووریا له دژی داگیركارین، تا بهكرێگیراوهكانیش مابن، داگیركار بههێزتر دهبێت، بهڵام بۆ ئهوهی ئهو داگیركاره له وڵاتهكهمان دهربكهین، پێویسته بهكرێگیراوهكان لهناوببرێن.