لایەنە سیاسیەكان لەبارەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن كۆدەبنەوە
دوایین کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان رۆژی 9ـی حوزەیران بوو

K24 – هەولێر:
سبەی دوو شەممە 13ـی حوزەیرانی 2022، لایەنە سیاسیەكان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن، كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن كۆدەبنەوە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند، سبەی دوو شەممە دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسیەكان لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن كۆدەبنەوە.
ئاماژە بەوەش درا، كۆبونەوەكە درێژەپێدەری كۆبونەوەكانی لایەنە سیاسیەكانە.
دوایین کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، رۆژی 9ـی حوزەیران بوو کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەڕێوەچوو.
تەوەرەی کۆبوونەوەکەی 9ـی حوزەیران چوار خاڵی لەخۆدەگرت، ئەوانیش:
1- وادەی هەڵبژاردن
2- کاراکردنەوەی کۆمسیۆن
3- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لەرووی یەک بازنەیی و فرە بازنەیی.
4- پاککردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران.