خه‌میس خه‌نجه‌ر: سه‌در په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردم
"چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵه‌كانی سیسته‌می سیاسی له عێراق گرنگییه‌كی نیشتمانییه و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه له‌سه‌ری هاوڕاین، كه باوه‌ڕیان به نیشتمان هه‌یه"
K24- هه‌ولێر:
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر، خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی سیاده‌ی سوننه رایگه‌یاند، "موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردم، منیش هه‌موو رێزێكم بۆ ئه‌و قوربانیدانه نیشاندا، كه ره‌وتی سه‌در له‌پێناو نیشتمان و چاكسازی پرۆسه‌ی سیاسی داویه‌تی".
خه‌میس خه‌نجه‌ر له درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵه‌كانی سیسته‌می سیاسی له عێراق گرنگییه‌كی نیشتمانییه و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه له‌سه‌ری هاوڕاین، كه باوه‌ڕیان به نیشتمان هه‌یه و له گفتوگۆكانمان له پێناو ئه‌و ئامانجه به‌رده‌وام ده‌بین.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له نووسراوێكی ده‌ستنووسدا، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی كرد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش به سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌در رووی قسه‌كانی له كوتله‌كه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات و نووسیویه‌تی: "له‌سه‌ر سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌دری، براكه‌م (حه‌سه‌ن عه‌ذاری) خودا بیپارێزێت، پێویسته ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خوشك و براكانمان له كوتله‌ی سه‌دری پێشكه‌ش به سه‌رۆكی ئه‌جومه‌نی نوێنه‌ران بكات".
له به‌شێكی دیكه‌ی ده‌ستنووسه‌كه‌یدا هاتووه: "ئه‌وپه‌ڕی سوپاسم بۆیان هه‌یه، بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌و ماوه كورته‌دا پێشكه‌شیانكرد و خودا پاداشتیان بداته‌وه، هه‌روه‌ك سوپاسمان بۆ هاوپه‌یمانه‌كانمان له هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانی هه‌یه، بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشكه‌شیانكرد.. لای منه‌وه ئه‌وان ئێسیتا ئازادن و خودا پاداشتیان بداته‌وه".
دووپاتیشیكرده‌وه، "هه‌روه‌ها سوپاسێكی تایبه‌تم بۆ ئامۆزاكهمان، به‌ڕێز جه‌عفه‌ر سه‌در هه‌یه، خودا سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وام بكات، كه كاندیدی سه‌ربه‌خۆی ئێمه بوو بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "ئه‌م هه‌نگاوه‌م وه‌ك قوربانیدانێكه له‌پێناو نیشتمان و گه‌ل بۆ ئه‌وه‌ی له چاره‌نووسی نادیار رزگاریان ببێت، هه‌روه‌ك پێشتریش له‌پێناو ئازادی عێراق و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی و ئاسایش و یه‌كپارچه‌یی و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی قوربانیمانداوه".
سه‌در له كۆتاییدا نووسیویه‌تی: "یه‌كه‌م جار نیشتمان و گه‌ل، خودایه من ئه‌ستۆپاكی خۆم به‌رامبه‌ر تۆ و گه‌له‌كه‌م نیشاندا.. و سڵاو".
دوای ئه‌و داواكاریه‌ی سه‌دریش له سه‌رۆكی كوتله‌كه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، "حه‌سه‌ن عه‌ذاری"، سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌در له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ته‌واوی په‌رله‌مانتارانی كوتلهكهیانی گه‌یانده به‌رده‌م محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حه‌لبووسیش ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در دا و واژی له‌سه‌ر یه‌ك به‌یه‌كی دهستلهكاركێشانهوهكهیانی كرد.
دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ش، له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه لایه‌ن له نووسینگه‌كه‌یه‌وه ده‌ركرا، موقته‌دا سه‌در داخستنى زۆربه‌ی دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به ره‌وته‌كه‌ی راگه‌یاند، ته‌نیا ئه‌مانه‌ی خواره‌وه نه‌بن:
یه‌كه‌م: ده‌زگای (مه‌رقه‌د)ـی پیرۆز
دووه‌م: نووسینگه‌ی (ئه‌لشه‌هید)
سێیه‌م: نووسینگه‌ی تایبه‌ت
چواره‌م: ده‌سته‌ی شوێنه‌وار
پێنجه‌م: پڕۆژه‌ی (بونیان مه‌رسووس)
شه‌شه‌م: مۆزه‌خانه‌ی (شه‌هید)
نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌در ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ته‌نیا ئه‌و 6 ده‌زگایه ده‌توانن له كاره‌كانیاندا به‌رده‌وام بن.
H.B