سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریكا پێشهاتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاووتوێ دەکەن
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی حوزەیرانی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئالینا رۆمانوسكی، باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە رۆبێرت پالەدینۆ، كونسوڵی گشتیی ئهمەریكا له ههولێریش ئامادەی بوو. سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون، سەرۆك بارزانی بیروبۆچوونی خۆی لەمەڕ پڕۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی عێراق خستەڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە، كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
