له‌ نیویۆرك دۆخی شنگال تاوتوێكرا

"تاوتۆیی بواری مرۆیی و ئەمنی لە شنگال كرا"

باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك
باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك

K24- هه‌ولێر:

لە نیویۆرک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی بۆ دۆسیەی عێراق لە UN تاوتۆیی بواری مرۆیی و ئەمنی لە شنگال دەکەن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، دیندار زێباری و  ئەکسیل وینمان، بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی و سەرۆکی تیمی عێراق لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا لە بارەگای گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە و چەند پرسێکی تایبەت بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و یونیتاد و رەوشی ئاوارەکان و شنگالیان تاوتوێکرد.

لەمبارەیه‌وه‌ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس له  پێشوازیكردنی دوو ملیۆن ئاوارە له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان كرا.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم خسته‌ڕوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکان، هەروەها پابەندبوونی حکومەت بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

هه‌روه‌ها باس له‌ رێککەوتننامەی شنگال کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە پاڵپشتی نەتەوەیەکگرتووەکان كرا، به‌ چارەسەرێکی گونجاوی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە ئاماژه‌ی بۆ كرا.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی ئەوەی تیرۆریستان دۆخەکە بقۆزنەوە و کردەوەی تیرۆریستی بە درێژایی ناوچەکانی ماددەی 140 ئەنجام بدەن کە بەدەیان  قوربانیی لێکەوتووه‌ته‌وه‌ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دیندار زێباری تیشکی خستەسەر هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، (یونیتاد) له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات کارەکانی یونیتاد بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێن بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بریتییە لە دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش، لەوانە پێشکەش کردنی پرۆژەیاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش کە دادگای باڵای ئیتحادی رەتیکردەوە.