هەڵمەتی هۆشیاری لە دژی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕوون بەڕێوەچوو
"بۆئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە بکرێت، بڕیاره نوسراوێک (میساق) واژۆبكرێت"

K24 – ههولێر:
بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و نادروست، سەنتەری میترۆ خولێکی دوو رۆژەی بۆ نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن ئەنجامدا، بڕیارە خولەکە لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک ئەنجام بدرێت.
رۆژانی 15 و 16ـی ئایاری 2022، بە بەشداری محهمهد رهشید، نوێنەری دامەزراوەی کوردستان24 و نوێنەری 20 دەزگای راگەیاندن، بۆ هۆشیارکردنەوەی میدکاران لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و کاریگەری لەسەر ئازادی کاری میدیایی، خولێكی دوو رۆژه بەڕێوەچوو.
لە رۆژی یەکەمی خولەکەدا د. سامان فەوزی، ماموستای زانکۆ، هەنگاوەکانی ناسینەوە، ئامانج، مەترسییەکان، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوە و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەی خستەڕوو.
هەروەها، رۆژنامەنووس هیوا مەحمود عوسمان، لە دووەم رۆژی خولەکەدا، بابهتی هەڵسەنگاندنی سەرچاوەکانی هەواڵ، وردبوونەوە، پشتڕاستکردنەوەی زانیاریی، بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بۆ وەرگرتنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتیی، باسكرد، بۆ ئهوهی رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست بكرێت.
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لهمبارهیهوه رایگهیاند، ئامانجیان ئەوەیە، دوای ئەنجامدانی زنجیرە خول و چالاکییەک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرجەم میدیا و دامەزراوەکانی راگەیاندن، نوسراوێک (میساق) واژۆبکەن، بۆئەوەی هەمووان پێکەوە، رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە بکەن.
دامهزراوهی كوردستان24 بهردهوام لهههوڵی گهیاندنی زانیاری دروست و ساخكردنهوهی ههواڵهكانییهتی، له پێگه جیاوازهكانییهوه بهردهوام هۆشیاری ناسینهوهی ههواڵی دروست بۆ وهرگرانی شی دهكاتهوه، نموونهش دواین بهرنامهی دهروون و دیارده تێیدا ئهو وێنانه شیكراوهتهوه بینهر بههۆیهوه زانیاریی و ههواڵه دروستهكان بناسێتهوه.