"فه‌ره‌نسا به‌ره‌و نادیار باز ده‌دا".. ماكرۆن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی له‌ده‌ستدا
له ئه‌مڕۆوه قۆناغی ده‌ستكراوه‌یی ماكرۆن سنووردار ده‌بێت

K24 – هه‌ولێر:
فه‌ره‌نسا هه‌نگاو به‌ره‌و نادیار ده‌نێت، دوای ئه‌وه‌ی ماكرۆن زۆرینه‌ی ره‌های له په‌رله‌مان له‌ده‌ستدا.
له ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌وه، ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی جیاوازتر ده‌بێت له قۆناغی پێشخۆی.
حزبه‌كه‌ی ماكرۆن، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا، زۆرینه‌ی ره‌های له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی (په‌رله‌مان) له‌ده‌ستدا.
به‌و هۆیه‌وه، ره‌نگه دڵنیایی له فه‌رمانڕه‌وایی و ناسه‌قامگیری روو له كۆشكی ئه‌لیزێ بكات.
رۆژنامه‌ی "لاكروا"ی كاسۆلیكی له سه‌روتاری خۆیدا، ئه‌مڕۆ نووسیویه‌تی: به‌ر له كه‌متر له دوو مانگ، فه‌ره‌نساییه‌كان ماكرۆنیان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی گشتیی‌دا، چیدیكه رێگه‌یان نه‌دا، سه‌رۆك كۆمار كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی بكات.
رۆژنامه‌ی "لۆفیگارۆ" له سه‌روتاریدا نووسیویه‌تی: ئه‌مه بازدانێكه به‌ره‌و نادیار.

هه‌روه‌ها گۆڤاری "دێرشبیگڵ"ی ئه‌ڵمانیی له‌و باره‌یه‌وه، نووسیویه‌تی: "فه‌ره‌نسا ده‌نگی دا و سزای ماكرۆنی دا".
هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی ماكرۆن له پێشه‌نگدا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام چیدیكه خاوه‌نی زۆرینه‌ی ره‌های كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی نییه. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانی كابینه‌كه كه پاڵێوراوی هه‌ڵبژاردن بوون، تاڵاوی شكستیان نۆشی.
هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، ئه‌نجامه‌كانی به جۆرێك كه‌وتنه‌وه، كه هیچ حزبێك زۆرینه‌ی ره‌های نه‌بێت.
راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كان پێشكه‌وتوون و ئه‌مه‌ش شانۆی سیاسی وڵاته‌كه دابه‌ش ده‌كات بۆ سێ كوتله‌ی سه‌ره‌كی.
كوتله سه‌ره‌كییه‌كان، هه‌ریه‌ك له میانگیرهكانن به سه‌رۆكایه‌تی ئیمانوێڵ ماكرۆن، كه 245 نوێنه‌ریان هه‌یه، راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی مارین لۆپێن، كه 89 نوێنه‌ریان هه‌یه و هاوپه‌یمانن له‌گه‌ڵ پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی نیشتمانی، كوتله‌ی سێیه‌میان چه‌په رادیكاڵه‌كان و سۆسیالیستهكانن، 135 نوێنه‌ریان هه‌یه و جان لۆك له یه‌كێتی گه‌لی ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات.
له نێوان میانگیر و راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كاندا، راستڕه‌وی نه‌ریتی وه‌ك پارتی كۆمارییه‌كان هه‌یه، كه لاواز بوون و پێگه‌یان وه‌ك خۆی نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام رۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گێڕن، چونكه 61 كورسییان له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی هه‌یه.
رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت
له رووی لۆژیكییه‌وه، له به‌رده‌م ماكرۆندا دوو بژارده هه‌ن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پارته‌كانی دیكه، هاوشێوه‌ی رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت له ئه‌ڵمانیا، رێكبكه‌وێت، یاخود رێگه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا ده‌گرێته‌به‌ر و هه‌رچییان بوێت بۆیان واژوو بكات.
واژووكردن ره‌نگه كلیلی چاره‌سه‌ر بێت، چونكه تا ژماره‌ی نوێنه‌ران بۆ گه‌یشتن به زۆرینه‌ی ره‌ها كه‌مبێته‌وه، گرێیه‌كه كوێرتر و پرسه‌كه ئاڵۆزتر ده‌بێت.

ئه‌م ئاڵۆزییه دوای ئه‌وه سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وت، كه له ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌وه هه‌ریه‌ك له پارته راستڕه‌و و چه‌پڕه‌وه توندڕه‌وه‌كان به‌رپرسیارێتی خۆیان گرته ئه‌ستۆ و رایانگه‌یاند، نایانه‌وێت بچنه ریزی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه و ده‌یانه‌وێت به سینه كراوه‌یی ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن.
گفتوگۆكان یه‌ك ئامانجیان ده‌بێت، چوونه ناو حكومه‌ت و گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.
رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌خوازرێت به جۆرێك بێت، وه‌ك "جان فرانسوا كۆبییه"، نوێنه‌ری پێشووی راستڕه‌وه‌كان ده‌ڵێت: ده‌بێت رێككه‌وتنی حكومه‌ت له نێوان ماكرۆن و كۆمارییه‌كان هێنده به گوڕ و تین بێت به‌ر به هه‌ڵكشانی توندڕه‌وه‌كان بگرێت. بۆ ئه‌مه‌ش رێگه‌كه ئه‌وه‌یه نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی "به‌یه‌كه‌وه" له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارتی "كۆمارییه‌كان" بگه‌نه زۆرینه‌ی ره‌ها.
زۆرینه‌ی ره‌ها له سه‌ر شانۆی سیاسی كۆماریی پێنجه‌می فه‌ره‌نسا، وه‌ك ئاڵنگارییه‌كی نوێ به‌رۆكی ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی گرتووه، كه به‌ردی بناغه‌كه‌ی جه‌نه‌راڵ دیگۆڵ له 1958 داینا.
دانانی ئه‌و بناغه‌یه، بۆ ئه‌وه بوو رێگری له ناسه‌قامگیری له سیستمی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه بگرێت، كه له سه‌رده‌می كۆماریی چواره‌می فه‌ره‌نسا رووبه‌ڕووی وڵاته‌كه ببوویه‌وه.
ئاڵنگارییهكهی ئێستا، كه رووبه‌ڕووی فه‌ره‌نسا بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه، وه‌ك "لۆفیگارۆ" نووسیویه‌تی: وڵات به‌ره‌و نادیاری سیاسیی باز ده‌دات. بوومه‌له‌رزه له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی داوه. كوتله ناكۆكه‌كان ژاوه‌ژاوێكی زۆریان درووستكردووه.

درووستبوونی ئه‌و ره‌وشه نوێیه به لای رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی سه‌رده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی نوێ چیدیكه دڵنیا نییه له‌وه‌ی بتوانێت هاوپه‌یمانیی ئه‌وتۆ درووست بكات، تا پرۆسه‌ی چاكسازییه‌كانی جێبه‌جێ بكات.
جێبه‌جێكردنی چاكسازییه‌كان پێویستیی به سه‌قامگیرییه سیاسییه‌كه‌ی ناو كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی هه‌یه، كه رۆژنامه‌ی "ئیل باییس" رای وایه، شكستی ماكرۆن ئاماژه‌یه بۆ به‌ریه‌ك كه‌وتنی توند له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی.
له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیدا، ئه‌لیزابێس بۆرن، ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند، كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیدا، زۆرینه‌یه‌ك پێكبهێنن، بتوانێت كار بكات. ئه‌و وتیشی: هیچ جێگره‌وه‌یه‌ك نییه بۆ كۆبوونه‌وه‌مان به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری و پێویسته بگه‌ینه چاره‌سه‌ری درووست و سه‌رڕاستانه.
چاره‌سه‌ره درووست و سهڕاستانهكه، له چوارشه‌ممه‌وه كه به ره‌سمیی نوێنه‌ره تازه‌كان سوێندی یاسایی ده‌خۆن، ده‌بێته خه‌می هه‌مووان.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس.
وه‌رگێڕان: ئ.ر