لە جیهاندا پتر لە 100 ملیۆن کەس ئاوارەن
ئەم خەڵکە بە هۆکاری شەڕو توندوتیژی، وشکەساڵی، کارەساتە سروشتییەکان و هەژاری زێدی خۆیان بەجێهێشتووە
K24 - واشنتن:
کۆمەڵەی گشتیی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە مانگی 12ـی ساڵی 2000 بڕیاریدا 20ـی مانگی حوزهیران / یۆنیۆ، وەکو رۆژی رۆژی جیهانی پەنابەران دیاری بکات.
هەر بۆیە ساڵی دواتر لە 20ـی مانگی 6ـی ساڵی 2001، لە گشت جیهان بە فەرمیی یادی ئەم رۆژە، وەکو رۆژی پەنابەران کرایەوە.
بە گوێرەی دوایین زانیاریی کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆکار گەلی وەکوو شەڕ، توندوتیژی و کارەساتە سروشتییەکان پەرەی بە دیاردەی کۆچکردن لە هەموو جیهان داوە.
داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو راستییە ئاشکرا دەکەن دوای شەری جیهانی دووهم، ژمارەی کۆچبەران لە 100 ملیۆن کەس تێپەڕ بووە.
بە گوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی پەنابەرانی ''UNHCR'' لە ئێستادا پاکستان 1.5 ملیۆن پەنابەر، تورکیا 3.8 ملیۆن و کۆلۆمبیا 1.8 ملیۆن، ئۆگەندا نزیکەی 1.5 ملیۆن پەناخوازیان پەنا داوه، ئەم خەڵکە بە هۆکاری شەڕو توندوتیژی، وشکەساڵی، کارەساتە سروشتییەکان و هەژاری زێدی خۆیان بەجێهێشتووە.
زانیارییەکانی کۆمسیۆنی پەنابەرانی رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، باس لەوە دەکەن ژمارەی ئاوارەکان تا کۆتایی ساڵی 2021، زیاتر لە 90 ملیۆن کەس بووە.
هەمان سەرچاوە ئەوەی پشتڕاست کردووهتهوه لەئارادابوونی توندوتیژی لە ئەسیوپیا، بورکینا فاسۆ، میانمار، ئەفغانستان، کۆنگۆو نەیجەریا پەرەی بە دیاردەی ئاوارەیی و کۆچ کردن داوە.
هاوکات لە سەرەتای ساڵی 2022 بە هۆی شەری رووسیا دژ بە ئۆکرانیا، تاکو ئێستا 6.5 ملیۆن کەس ئاوارە بوون.
هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان پێی وایە رێژەی ئاوارەبوونی خەڵکی ئۆکرانیا تاکو کۆتایی ئەمساڵ بۆ 8.3 ملیۆن کەس زیاد بکات.
جۆ بایدن، ئەمرۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا رایگەیاند، لە ئێشوئازارەکانی پەنابەران تێدەگات و هەروەها هێرشەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکرانیا بە هۆکاری پەرپێدەری دیارەی ئاوارەیی زیاتر وەسف کرد.
بایدن هاوکات ئاشکرای کرد، تاکو ئێستا ئەمهریکا زۆرترین هاوکاری و یارمەتی بۆ ئاوارەکان لە هەموو جیهان دابین دەکات.