هەنگاونان بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
K24 - واشنتن:
بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند هەنووکە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی بەرگری ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی ئێسرائیل دەبارەی پرۆژەی بەرگری ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: ''ساڵی پار لەگەڵ هاوبەشەکانمان، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و بەرێوەبەرایەتی ئەو وڵاتە، سەرپەرستی پلانێکی بەرینم کردوە؛ ئەمەش پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە. پێشتریش پرۆژەکە چالاک بووەو بەرپەرچی هەوڵەکانی ئێرانی بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە داوەتەوە".
هەفتەی رابردوو سەبارەت بەم هەوڵانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتبوو: ''واشنتن تێدەکۆشێ بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو رازی بکات تاکوو پەیوەست بە پرۆژەی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل ببن. پێشنیارەکە بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشایەیە کە لە کشانەوەی سیستەمی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دروست بووە، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت تاکوو ئیسرائیل و سعودیە لەیەکتر نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی رێکبکەن و پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە."
بەرپرسانی ئیسرائیل هیوادارن بتوانن سەردانی بایدن بۆ سعوودیە لە ماوەی مانگی داهاتوودا، بۆ ئاسایکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان ریاز و ئورشەلیم بقۆزنەوە.
لە رێکەوتی 3ی مانگی 8ی ساڵی 2020، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، ئاشكرای كرد، محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات رێككهوتوون.
پاشان به ههوڵی بهردهوامی ئیدارهی دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی پێشووی ئەمەریکا، له چوارچێوهی "رێككهوتنهكانی ئیبراهیم"، بۆ ئاساییكردنهوهی پهیوهندییهكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عهرهبی، سهرهتا ئیماراتی یهكگرتووی عهرهبی، پاشان بهحرهین و دواتر سودان پەیوەست بە پهیماننامهكه بوون. ئینجا مهغریب وەك چوارهمین وڵاتی عهرهبی لە چوارچێوهی ئهو رێككهوتنانهدا پهیوهندییهكانی خۆی لهگهڵ ئیسرائیل ئاسایی كردهوه، بەدوای ئەودا وڵاتی كۆسۆڤۆ پهیوهندی ههمه لایهنهی خۆی لهگهڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
لە ساڵی 1981وه، 6 وڵاتی کەنداو پێکهاتوو لە سعوودیە، ئیمارات، عەممان، کوەیت، قەتەر و بەحرەین، له چوارچێوهی رێكخراوی ئهنجومهنی هاریكاری كهنداو، بۆ ههموو هاوکارییەکی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هەرێمی دامەزرا.