بوومەلەرزەیەك گیان لەدەستدانی زیاتر لە 250 کەسی لێ کەوتەوە

بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە چەند ناوچەیەکی داوە
بومەلەرزە لە ئەفغانستان (ساڵی 2015)
بومەلەرزە لە ئەفغانستان (ساڵی 2015)

K24 - هەولێر:

درەنگانی شەوی رابردوو 21ـی حوزەیرانی 2022، بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند و لە ئاکامدا زیاتر لە 250 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی BBC، بوومەلەرزەکە درەنگانی شەوی رابردوو کاتژمێر 11:54 بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی داوە.

(USGS) ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی زه‌ویناسیی ئه‌مەریكا، سەرەتا گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 6.1 پلە بڵاوکردەوە، پاشان بڵاویکردەوە کە گوڕەکەی 5.9 بووە.

بیلال کەریمی، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە تویتێکدا رایگەیاند، "داوا لە دەزگاکانی فریاگوزاری دەکەین کە بەپەلە فریاگوزاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بگەیەنن بۆ رێگریکردن لە کارەساتێکی مرۆیی".

ئاماژە بەوەش درا، بوومەلەرزەکە نزیکەی 44 کیلۆمەتر لە ویلایەتی هۆست نزیک سنووری پاکستان لە قووڵایی 51 کیلۆمەتر روویداوە و لە پاکستان و هیندستانیش هەستی پێکراوە.