شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا ژماره‌یه‌ك دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا

پێكهێنانی دوو لیوا هاوبه‌شه‌كان تاووتوێ كران
شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غدا
شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غدا

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌ به‌غدایه‌، ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، وه‌زیری به‌رگری عێراق، سه‌رۆك ئه‌ركانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌نجامدا و گفتوگۆ له‌باره‌ی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌ش له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی سوپای عێراق كرا.

ده‌فی راگەیه‌ندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:

لەدرێژەی سەردانەکەیاندا، ئەمڕۆ 23ی حوزەرانی 2022، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد و لەلایەن فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانه‌وه‌ پێشوازییان لێ کرا.

لەدیدارێکدا، عەبدولئەمیر شەمەری، کورتەیەکی لەبارەی چالاکی و کاروبارەکانی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لەڕووی شێوازی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان و ئەو بابەتە ئەمنی و سەربازییانەی هەن لە عێراقدا پێشکەش کرد، پاشان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان بەسەرکردەوە.

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دوو دیداری جیادا، لەلایەن جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق و عەبدولئەمیر یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگری عێراق، پێشوازییان لێ کرا.

لە دوو کۆبوونەوەی جیادا، گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاریەکانی وەزارەتی بەرگری عێراقی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لەڕووی مەشق و راهێنانەکان، هەماهەنگی لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش. سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بابەتی بەشداریکردنی ئەفسەر، خوێندکار و قوتابیانی کورد و وەزارەتی پێشمەرگەی لە کۆلێژەکانی سەربازی عێراق، کۆلێژی جەنگ، کۆلێژی ئەرکان و کۆلێژی بەرگری نیشتیمانی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات خستەڕوو، هەروەها باسیان لە وەرگرتنەوە و گێڕانەوەی ئەو پایانە (مناصب) کرد، کە پشکی پێشمەرگەن لەناو سوپای عێراقی، لەمبارەیەوە گفتوگۆی وردیان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەنجام دا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کرا، باشترکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی متمانەیەکی پتەو لەنێوان هەردوولا، بەگرنگ و پڕ بایەخ زانرا لەهەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لە ئێستادا، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی زیاتر دروست بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری بەڵێنی دا، هاوکار و هەماهەنگ بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتانە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان دەبێت بەپێی ئەو رێنمایی و یاسا و رێسا کار پێکراوانە بێت، کە وەزارەتی بەرگری کاریان پێ دەکات.

لەتەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کرد، لەمبارەیەوە جومعە عناد، وەزیری بەرگری رایگەیاند: رێکارەکانی دروستبوون و دەستبەکاربوونی دوو لیوایەکە لە وەزارەتی بەرگری تەواو بوون و لای خۆیانەوە هەموو کارەکان و ئاسانکارییەکیان ئەنجامداوە، ئەوەی ماوەتەوه‌ دابینکردنی بودجە و شایستە داراییەکانە بۆ دوو لیواکە، کە دەبێ لە ئاستی حکومەت و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆیان دابین بکرێت.

H.B