فرانس پرێس: ئێران و ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بنه‌وه‌

له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌ كۆده‌بنه‌وه‌

ئاڵای ئێران و ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای ئێران و ئه‌مه‌ریكا

K24- هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، له‌ میانی گفتوگۆ ناڕاسته‌وخۆكانی نێوان واشنتن و تاران، له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌كانی كه‌نداو ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌ پێناو زیندووكردنه‌وه‌ گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌ دۆسییه‌ی ناووكی (ڤییه‌ننا) كۆده‌بنه‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس له‌ زاری جۆزێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بڵاویكرده‌وه‌، گفتوگۆكانی نێوان تاران و واشنتن (فراوانتر له‌ گفتوگۆكانی ڤییه‌نا)، له‌ وڵاتێكی كه‌نداو به‌ نیوه‌ندگیری یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌عید خه‌تیب، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ واشنتن جه‌خت له‌ لابردنی سزا ئابوورییه‌كان ده‌كاته‌وه‌.

ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانی بڵاویكرده‌وه‌، عه‌لی باقری، گه‌وره‌ گفتوگۆكاری بواری دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانی بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی سزاكان سبه‌ی سێشه‌ممه‌ 28ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022 ده‌گاته‌ قه‌ته‌ر.

له‌سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا،  واشنتن له‌ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران تاكلایه‌نانه له‌ ساڵی 2018‌ كشایه‌وه،  سزاكانی به‌سه‌ر ئێران قورستر كرد، جۆ بایدن دووباره‌ له‌ساڵی 2020 رێكه‌وتنه‌كه‌ی زیندوو كرده‌وه‌، به‌ڵام بایدن له‌م بیرۆكه‌یه‌دا هه‌ره‌سی هێنا و ئێران به‌رنامه‌ ناووكییه‌كه‌ی پێشخست، یۆرانیۆمی پیتاند.

به‌ گوێره‌ی نوێترین لێدوانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌تۆمی، ئێران له‌ ئێستادا ئه‌و بڕه‌ مادده ناووكییه‌ی به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كی وێرانكه‌ر دروست بكات، ماوه‌كه‌ی‌ ناگاته‌ دوو ساڵ.