15 هەزار هاوڵاتی فەللوجە لەلایەن ھێزە ئەمنییەكان دەستگیر دەكرێن
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "نزیکەی15 ھەزار هاوڵاتی فەللوجە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوەو تا ئێستا بە بیانووی تەواو نەبوونی لێکۆڵینەوەکان ئازاد نەکراون".
بە گوێرەی بەیاننامەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، بە هۆی قەرەباڵغی و گەرماوە، زیاتر لە 20 کەس لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا گیانییان لەدەستداوە و ژمارەیەکیشیان خنکاون، کە زۆرینەیان لەکەسە بەتەمەنەکان بوون و نەخۆشی شەکرەو پەستانی خوێنییان هەبووە.
رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن، بەڵام حەشدی شەعبی لە زاری وتەبێژەکەیان، یوسف کیلابی ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوەو بە هەڵمەتێکی ناڕەواو درۆزنانەی لە دژی حەشد دایە قەڵەم.